ئیمانوێل ماکرۆن: جەخت لە پاراستنی سەروەری عێراق دەکەینەوە

"ئەو لایەنانەی لە یەمەن و لوبنان بوونەتە هۆکاری کێشە، هەمان سیاسەت لە عێراق و ناوچەکە پەیڕە دەکەن"
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا

K24 – هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا، جەختی لە پاراستنی سەروەری عێراق کردەوە و رایگەیاند، هەموو ئەو وڵات و لایەنانەی لە كۆنگره‌ی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بەشدارن، پێویستە کار بۆ پاراستنی سنوور و ئاسمانی عێراق بکەن.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لە كۆنگره‌ی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی کە لە ئوردن بەڕێوەدەچێت، بەشداربوو و لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێی چەندین وڵات، گوتی: دەمانەوێت کۆتایی بەمە بێنین.

سەرۆککۆماری فەڕەنسا، دژایەتی خۆی بۆ هەر جۆرە دەستوەردانی وڵاتێک لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی دیکە دووپاتکردەوە و رایگەیاند: پێویستە کۆتایی بە دەسوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵات بهێندرێت و بێگومان ئەگەر پابەندی بڕیارەکانی ئەو کۆنگرەیە بین، کاریگەرییەکانی بەچاوی خۆمان دەبینین.

ئەو، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی "ئەو لایەنانەی لە یەمەن و لوبنان بوونەتە هۆکاری کێشە، هەمان سیاسەت لە عێراق و ناوچەکە پەیڕە دەکەن"، دووپاتیکردوە، "پێویستە هەموومان پارێزگاری لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە بکەین. فەرەنسا بۆ هەموو هاوکارییەک ئامادەیە و لە هەموو هەنگاوێک بۆ ئارامیی ناوچەکە هاوکار دەبێت".

گرنگیی لوتکەکە بۆ فەڕەنسا

كۆنگره‌ی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی، له‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆكی وڵاتانی عەره‌بی، وه‌زیر و نوێنه‌رانی وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و تێیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌، ئاسایشی خۆراك، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا، پرسی وزه‌ و چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

په‌یوه‌ستبوونی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بە عێراق، به‌جۆرێكه‌ کە لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، دووجار سەردانی ئه‌و وڵاته‌ی کردووە. فەڕەنسا دەیەوێت په‌یوه‌ندییه‌كانی لەگەڵ عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌ت و ئابووری و ئاسایشێكی نوێی دوور له‌ ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران بونیادبنێت.

هاوكات دیپلۆماسییەتی فەڕەنسا دەیەوێت پردێک لە بۆچوونی لایەنە كاریگه‌ر و پەیوەندیدارەکانی عێراق دروست بکات و له ‌ئاست هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كاندا یه‌كگرتووتریان بكات. پێشتر حكومه‌تی فه‌ره‌نسا نیگەرانی زۆری له‌باره‌ی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و شەرمەزاری کردووە و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری زانیوه‌.

هاوكات پاریس بەشێکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەیوەندی به‌هێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا هه‌یه‌.