ناوی 11 ئەستێرەی شکست‌خواردووی مۆندیال بڵاوكرایه‌وه
له مۆندیالی 2022 زۆرێک لە ئەستێرە گەورەکان نەیانتوانی ئه‌و ئاسته‌ی لێیان چاوه‌ڕێ ده‌كرا پێشکەشی بکەن و سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بێنن. ناوی یاریزانە گەورەکانی وەک رۆناڵدۆ، لۆکاکۆ، گاریس بەیڵ، کیڤن دیبرۆین و چه‌ندانی تر پێش پاڵەوانێتییەکە لە لیستی ئەستێرە به‌ناوبانگه‌كاندا بوون، بەڵام له‌م مۆندیاله دوور بوون له ئاستی راسته‌قینه‌ی خۆیان. به پێی راپۆرتێكی لاگازێتا دیللۆ سپۆرت ئه‌م یازده یاریزانه، یاریزانانی شكستخواردووی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌رن.
گۆڵپارێز: کیلۆر ناڤاس ـ هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا
لە ئەنجامە کارەساتبارەکانی پاڵەوانێتی کۆستاریکادا، کیلۆر ناڤاس زیاتر لە چەند بەرپرسیارێتییەک هەڵدەگرێت و تاوانبارە. لە دوو یاری گرنگی ئەم تیپە بەرامبەر ئیسپانیا و ئەڵمانیا، حەوت جار تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی هه‌ژا و هیچ ڕێگەیەکی بۆ بەرگریکردن لە خۆی نەهێشتەوە. کیلۆر ناڤاس دەیتوانی لە یارییەکەی بەرامبەر ژاپۆن باشتر بێـت، له‌ڕاستیدا ناڤاس گه‌وره‌ترین شكستخواردووی جامی جیهانی 2022ـی قه‌ته‌ڕه.
نیکۆلاس سولێ - هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
به‌رده‌وام لە هێڵی بەرگریدا نادیاربوو، سولێ ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد، تەنانەت لەو یارییه‌ی کە ئەڵمانیا توانی لە کۆستاریکا بباتەوە. ئەڵمانییەکان بە هیچ شێوەیەک هێزی بەرگریی قۆناغەکانی پێشوویان نەبوو و ئاستی خراپی نیکۆلاس سولێش بێ گومان یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئه‌م لاوازییه‌ی مانشافته‌كان.
جاکوب کیوڤێر - هەڵبژاردەی پۆڵەندا
سەرەڕای درەوشاوەیی لە خولی ئیتاڵیا و راکێشانی سەرنجی تیپە گەورەکان، جاکوب کیوڤێر لە هەڵبژاردەی پۆڵەندا لە مۆندیالدا ئاستێکی باشی نیشان نەدا و هەڵەکانی هێندە بەناوبانگ بوون کە ناوی ئەم یاریزانەمان خستە لیستی یاریزانە شکستخواردووەکانی ئەم مۆندیاله.
ئەلیخاندرۆ باڵدێ - هەڵبژاردەی ئیسپانیا
وه‌كو جێگره‌وه‌ی جۆردی ئالبا، چاوەڕوانی زیاتر لە ئەلیخاندرۆ باڵدێ ده‌كرا، بەڵام ئاستەکەی لە مۆندیالدا پشتڕاستی کردەوە کە یاریزانەکە هێشتا بوار بۆ باشترکردنی ماوە. ئاستی باڵدێ بەرامبەر ئەڵمانیا و ژاپۆن لە دەرەوەی ستایش بوو، بە دڵنیاییەوە یەکێک بوو لە خراپترین یاریزانەکانی ناو یاریگا.
هیکتۆر مۆرێنۆ - هەڵبژاردەی مەکسیک
ئەزمونی مۆرینۆ وایکردووە هەندێک باوەڕیان بەوە هەبێت کە بە باشترین شێوە سەرکردایەتی تیپەکە دەکات، بەڵام یاریزانەکە تەنها لە کاتی یەکسانبوونەکەی بەرامبەر پۆڵەندا بە ئەنجامی 0-0 ئاستێکی باشی له‌خۆی نیشاندا. هیکتۆر مۆرینۆ لە دوو یارییەکەی دیکەدا بەرامبەر ئارجێنتینا و سعودیە ئاستێکی سەرکەوتووی نەبوو، وەک یەکێک لەو هۆکارانە دەستنیشانکرا کە بووە هۆی ده‌رچوونی خێرایی مەکسیک لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا.
کیڤن دی برۆین - هەڵبژاردەی بەلجیکا
زۆرێک دی برۆینیان بە یەکێک لە ئەستێرە باشه‌كانی ئەم پاڵەوانێتییە دەزانی، بەڵام هەڵبژاردەی بەلجیکا بە شێوەیەکی سەیر لە هەمان قۆناغی کۆمەڵەکاندا ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد. کیڤن دی برۆین لە ساتەوەختە گرنگەکاندا نەیتوانی بە باشی سەرکردایەتی ئەم تیپە پڕئه‌ستێره‌ییه بکات و ئەم پاڵەوانێتیەش بە شکست بۆ ئەو و هەڵبژاردەی بەلجیکا کۆتایی هات.
سێرجی ساڤیچ - هەڵبژاردەی سربیا
ئه‌ستێره‌ی هێڵی ناوه‌ڕاستی لازیۆ له ماوه‌ی چه ند ساڵی ڕابردوودا، ئاستێكی باشی له‌م مۆندیاله‌دا پێشكه‌ش نه‌كرد. زۆرێك له هانده‌رانی تۆپی پێ وایانده‌زانی سربیا زۆر به ئاسانی له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كاندا سه‌رده‌كه‌وێت، هه‌ڵبه‌ت دوای هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل، به‌ڵام له ساته‌وه‌خته هه‌ستیاره‌كاندا ساڤیچ نه‌یتوانی سه‌ركرده‌یه‌كی باش بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بێت، هه‌ربۆیه به یاریزانێكی شكستخواردوو ده‌ناسرێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ - هەڵبژاردەی پورتوگال
پێش دەستپێکردنی مۆندیال، هەواڵی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ مانچستەر یونایتد بڵاوکرایەوە و مشتومڕێکی زۆری دروستکرد. پاڵەوانێتییەکە بە گۆڵەکەی ڕۆناڵدۆ بەرامبەر غانا بە لێدانی سزا دەستیپێکرد، بەڵام دواتر پێگه‌ی خۆی له یارییه‌كاندا له‌ده‌ستدا و پێده‌چێت به‌رامبه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه شۆڕشێكی نابه‌جێ كرابێت. فرمێسکی تاڵی کریستیانۆ دوای دەرچوونی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەرامبەر مەغریب لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا، کۆتایی خەونەکانی ئەو یاریزانە بوو بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
تۆماس مۆلەر - هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
یەکێک لە یاریزانە بەئەزموونەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە پێکهاتەی ئەم تیپە لە مۆندیالدا كه نه‌یتوانی گرێكوێره‌ی تیپەکەی لە ساتەوەختە گرنگ و چارەنووسسازەکاندا بكاته‌وه تۆماس مۆله‌ر بوو. هەروەک قۆناغی پێشوو ئەڵمانییەکان هانده‌رانیان نا‌ئومێد كرد، بێگومان ئاستە خراپەکەی تۆماس مۆلەر یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
گاریس بەیڵ - هەڵبژاردەی وێڵز
هەرچەندە هەڵبژاردەی وێڵز لەم ساڵانەی دواییدا بە پشتبەستن بە درەوشاوەیی گاریس بەیڵ گەیشتووەتە پاڵەوانێتییە گەورەکان، بەڵام ئەم ئەستێرە بەئەزموونە لە کاتی مۆندیالدا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە و نەیتوانی یارمەتی تیپەکەی بدات. هەڵبژاردەی وێڵز تەنها توانی یەک خاڵ بەدەست بهێنێت و ئەم پاڵەوانێتییە بە خواستی گاریس بەیڵ و هاوڕێیه‌کانی نەڕۆیشت.
رۆمێلۆ لۆکاکۆ - هەڵبژاردەی بەلجیکا
هاتنی بۆ مۆندیال بە پێکانێکی سەخته‌وه، یەکێک لە خراپترین ئاستی تاکەکەسی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر کرواتیا بەرهەمهێنا. ئەگەر یەکێک لە هه‌وڵەکانی رۆمێلۆ لۆکاکۆ بەرامبەر کرواتیا بکرایە گۆڵ، هەڵبژاردەی بەلجیکا تووشی ئه‌م كاره‌ساته نه‌ده‌بوو و ده‌یتوانی ئاستێكی باشتر پێشكه‌ش بكات.
ئاماده‌كردنی: محه‌مه‌د شه‌هد