فەڕەنسا و ئێران لە لوتکەی بەغدا وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

یەکتر بە نانەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری تۆمەتباردەکەن
سەرۆککۆماری فەڕەنسا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی ئێران
سەرۆککۆماری فەڕەنسا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

سەرۆککۆماری فەڕەنسا، بە ناڕاستەوخۆ ئێرانی بە نانەوەی ئاژاوە لە عێراق و ناوچەکە تۆمەتبارکرد. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەمان تۆمەتی ئاراستەی سەرۆککۆماری فەڕەنسا کرد، ئەوان بە ناڕاستەخۆ وەڵامی یەکتریان دایەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا و ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هۆڵی کۆبوونەوەی کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا دوو کە لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەدەچێت، ئامادەبوون و گوتەیان پێشکەشکرد.

سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە گوتەکەیدا، دووپاتی لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق کردەوە و داوای کۆتاییهێنان بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەی کرد.

ماکرۆن لە دەستپێکی کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا دوو، لەگەڵ ئاماژەدان بە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەتایبەت عێراق، رایگەیاند، "ئەو لایەنانەی لە یەمەن و لوبنان بوونەتە هۆکاری کێشە، هەمان سیاسەت لە عێراق و ناوچەکە پەیڕەودەکەن".

ئەو قسەیەی ماکرۆن لەلایەن چاودێرانەوە وا لێکدرایەوە کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بە رۆڵی ئێران بوو لە ناوچەکە و عێراق و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە رێگەی گرووپ و حزبە نزیکەکانی نزیک لە تاران.

په‌یوه‌ستبوونی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بە عێراق، به‌جۆرێكه‌ کە لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، دووجار سەردانی ئه‌و وڵاته‌ی کردووە. شارەزایان پێیانوایە، فەڕەنسا دەیەوێت په‌یوه‌ندییه‌كانی لەگەڵ عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌ت و ئابووری و ئاسایشێكی نوێی دوور له‌ ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران بونیادبنێت.

كۆنگره‌ی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی
بەشداربووانی کۆنگرەی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی

هاوكات هەندێک لە چاودێرانی سیاسی وایدەبینن، دیپلۆماسییەتی فەڕەنسا دەیەوێت پردێک لەنێوان بۆچوونی لایەنە كاریگه‌ر و پەیوەندیدارەکانی عێراق دروستبکات و له ‌ئاست هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كاندا یه‌كگرتووتریان بكات.

پێشتر حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا نیگەرانی زۆری له‌باره‌ی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە،  شەرمەزاری کردووە و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری زانیوه‌.

وەڵامی ئێران

ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی پاریس و تاران تەنیا پەیوەندی بە رۆڵی ئێران لە لوبنان، یەمەن، عێراق و سووریا و دۆسیەی ئەتۆمییەوە نییە، بەڵکو ئێستا خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران و پشتگیری فەڕەنسا لە خۆپێشاندەران، خاڵێکی دیکەی بە ناکۆکییەکان زیادکردووە.

دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و خۆپێشاندانی سەرانسەری لە زۆربەی شاروشارۆچکەکانی ئەو وڵاتە، وەزارەتی ئیتیڵاعاتی ئێران باسی لە گرتنی چەند هاووڵاتییەکی بیانی بە بیانووی سیخوڕی، نانەوەی ئاژاوە و پشتگیری لە خۆپێشاندەران کرد. حەفت هاووڵاتی فەڕەنسی لەنێو ئەو گیراوانەدانە. حکومەتی فەرەنسا چەندین جار داوای ئازادکردنی هاووڵاتیانی لە حکومەتی تاران کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو داوایە بێ وەڵام بووە.

کۆبوونەوەی ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ چوار چالاکوانی ژنی ئێرانی و ناوهێنانی خۆپێشاندانەکانی ئێران بە "شۆڕش"، ئەوەندەی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و پاریسی بەرەوە کزی برد.

تاران، فەڕەنسا بە نانەوەی "ئاژاوە و توندوتیژی" لە ئێران تۆمەتباردەکات و ئەمە "بەتوندی" رەتدەکاتەوە.

کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری فەڕەنسا لەگەڵ چوار چالاکوانی ژنی ئێرانی
کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری فەڕەنسا لەگەڵ چوار چالاکوانی ژنی ئێرانی

ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئوردن، پەیامەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسای پێگەیشت و ئەوەندەی پێنەچوو وەڵامی دایەوە.

عەبدوڵڵاهیان گوتی: نابێت لە خاکی وڵاتی دۆست و برامان، هەڕەشە لە هیچ وڵاتێک بکرێت. پێمانوایە کێشەکانی ناوچەکە تەنها بە رێگەی گفتوگۆی نێوان وڵاتان چارەسەر دەبێت.

عەبدوڵڵاهیان لە گوتەکەیدا، بەناڕاستەخۆ وەڵامی قسەکانی سەرۆککۆماری فەڕەنسای بۆ پاراستنی ئاسایش و سەرەوەری خاکی عێراقی دایەوە و گوتی: پرسی ئاسایش پەیوەستە بە هەموو وڵاتان، ناکرێت هەموو هەوڵێک بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵاتێک بدرێت و لەلایەکی دیکەوە هەوڵ بۆ سەقامگیری وڵاتێکی دیکە بدرێت".

ئێران پێیوایە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، دەستیان لە خۆپێشاندانەکانی سێ مانگی رابردووی ئێران هەیە.

سەرەڕای ئەوەی تۆمەتەکەی ئێران لەلایەن حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە رەتکراوەتەوە، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر کەمپەکانی ئەو حزبانە لە نزیک قوشتەپە، کۆیە و زەرگوێز ئەنجامدا.

ئەو هێرشانە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لەلایەن ئەمەریکا، وڵاتانی عەرەبی و چەندین وڵاتی ئەوروپی لەوانە فەڕەنسا، شەرمەزارکران.