ژنێکی تەمەن 97 ساڵ دەستی لە کوشتنی 10 هەزار کەسدا هەبووە

"داوای لێبوردن دەکەم لەسەر ئەو شتانەی روویانداوە"
ئیرمگارد فورچنەر تەمەن 97 ساڵ
ئیرمگارد فورچنەر تەمەن 97 ساڵ

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ لە دادگەیەکی ئەڵمانیا ژنێکی تەمەن 97 ساڵ بەتۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی زیاتر لە 10 هەزار کەس دادگایی کرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی BBCـی بەریتانی، لە دادگەیەکی شارۆچکەی ئیتزێهۆ لە ئەڵمانیا، ژنێکی تەمەن 97 ساڵ بەناوی "ئیرمگارد فورچنەر" بە تۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی زیاتر لە 10 هەزار کەس دادگایی کرا و، سزای دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

ئیرمگارد فورچنەر لە کامپی (ستوتسۆف) کە لەلایەن نازییەکانەوە دروستکرابوو، لە ساڵانی 1943 بۆ 1945 سکرتێری فەرماندەی کامپەکە بووە.

هەرچەندە ئەو ژنە کارمەندێکی مەدەنی رژێمی نازییەکان بووە، بەڵام ئاگاداری ئەوە بووە کە لەنێو کامپەکەدا چی روویداوە.

فورچنەر بە تۆمەتی هاوکاریکردن لە کوشتنی 10 هەزار و 505 کەس و هاوبەشیکردن لە هەوڵی کوشتنی پێنج کەسی دیکەدا سزادرا. بەو پێیەی ئەو کاتە تەمەنی تەنیا 18 یان 19 ساڵ بوو، لە دادگەی تایبەتی نەوجەوانان دادگایی کرا.

نزیکەی 65 هەزار کەس لە کامپی (ستوتسۆف) لە بارودۆخی زۆر خراپدا گیانیان لەدەستداوە، لەوانەش دیلەکانی جولەکە و پۆڵەندییە غەیرە جووەکان و سەربازە دیلەکانی یەکێتی سۆڤیەت.

دانپێدانانی ئیرمگارد فورچنەر 40 رۆژی خایاند و لە کۆتا دانیشتنی دادگەدا گوتی "داوای لێبوردن دەکەم لەسەر ئەو شتانەی روویانداوە، تەنیا دەتوانم ئەوەندە بڵێم پەشیمانم لەوەی کە لەو کاتەدا لە کامپەکە بووم".