كوردێكی ئه‌رجه‌نتین بۆ كوردستان24 باس له ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
كوردێكی باشووری كوردستان له ئه‌رجه‌نتینه‌وه بۆ كوردستان24 باس له ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و وڵاته به جامی مۆندیال ده‌كات و رایگه‌یاند، (9 بۆ 11) كوردی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان له ئارجێنتینا ده‌ژین.
دیاری سوبحان، كوردێكی نیشته‌جێی ئه‌رجه‌نتینه بۆ كوردستان24 باسی له ئاهه‌نگی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان كرد بۆ پێشوازیكردن له پاڵه‌وانانی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر و گوتی، وه‌ك بۆنه‌یه‌كی نیشتمانی هه‌موو ئه‌رجه‌نتینییه‌كان روویان له پایته‌خت كردووه بۆ ده‌ربرینی خۆشحاڵی و پێشوازیكردن له یاریزانان و تیمی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان.
ئه‌و كورده‌ی باشووری كوردستان كه ماوه‌ی 23 ساڵه له‌و وڵاته ده‌ژیت و خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌رجه‌نتینییه، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، سه‌رۆكی وڵات ئه‌مڕۆی كرده پشووی فه‌رمی له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان روویان له بۆینس ئایرس كردووه بۆ به‌شداریكردن له ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن بۆ به‌ده‌ستهێنانی جامی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر له‌لایه‌ن هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌یانه‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (20ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، دیاری سوبحان له‌میانی به‌شداریكردنی ژووری هه‌واڵی كاتژمێری هه‌شتی كوردستان24، باسی چۆنیه‌تی گه‌یشتنی به‌و وڵاته كرد كه به كه‌شتی زیاتر له سێ مانگ به‌ڕێگه‌وه بووه تاوه‌كو گه‌یشتووته ئه‌رجه‌نتین و ئێستاش له‌و وڵاته هاوسه‌رگیری كردووه و خاوه‌نی كوڕ و كچێكه.
هه‌ر له‌میانی قسه‌كانی بۆ كوردستان24، دیاری سوبحان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه (9 بۆ 11) هاووڵاتی كورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان له وڵاتی ئه‌رجه‌نتین ده‌ژین.
هه‌روه‌ها دیاری سوبحان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر دڵخۆشبووه به‌هۆی به‌ده‌ستهێنانی جامی مۆندیالی 2022 له‌لایه‌ن هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتینه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هیوای خواستووه رۆژێك بێت كوردستانیش وه‌ك وڵاتێك سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبهێنێت و بتوانێت به‌شداری یارییه‌كانی مۆندیال بكات و جامه‌كه‌ش ببیاته‌وه.
ئه‌و كورده‌ی باشووری كوردستان كه ئێستا له ئه‌رجه‌نتین ده‌ژیت، باسی له‌وه‌شكرد، یاری تۆپی پێ له سه‌رتاسه‌ری جیهان له خۆشی و ناخۆشیدا كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی وڵاتانه، بۆیه هیوای خواست له كوردستانیش، وه‌رزش بگاته ئه‌و ئاسته و رۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت له كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ل یه‌كدا ناكۆكن.