به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان: حكومه‌ت له داهاتی ئاو قازانج وه‌رناگرێت
K24 – هه‌ولێر:
له ساڵی 2015ـه‌وه پڕۆژه‌ی پێوه‌ری ئاوی ماڵان كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له كوردستاندا ملیۆنێك و 65 هه‌زار هاوبه‌شی ئاومان هه‌یه، له كۆی ئه‌م ژماره‌یه 79 له‌سه‌د پێوه‌ری زیره‌كیان بۆ به‌ستراوه و رێژه‌كه به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه ده‌چێت.
ئاری ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان، له میانه‌ی به‌شداریكردنی له باسی رۆژی كوردستان24 كه رۆژنامه‌نووس ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، به‌ر له هه‌شت مانگ، ملیۆنێك و 42 هه‌زار هاوبه‌شی ئاومان له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، ئێستا بۆ ملیۆنێك و 65 هه‌زار به‌رزبووه‌ته‌وه، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین تا ساڵیكی دیكه ئه‌و رێژه بگات له %90.
له‌باره‌ی به‌ستی پێوه‌ری زیره‌ك به فشار یاخوود ویستی هاووڵاتیانه‌وه، ئاری ئه‌حمه‌د روونیده‌كاته‌وه، به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌كی ئاو، به فشار نییه و هاووڵاتییان له ئێستادا باوه‌ڕیان به‌و پێوه‌ره هه‌یه، هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر رێنماییه‌كاندا نه‌هاتووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی جۆری پێوه‌ره‌كان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، پێنج جۆر پێوه‌ری زیره‌ك له هه‌رێمی كوردستان رێگه‌پێدراون، ئه‌و كاته‌ش پێوه‌ره‌كه زیره‌ك ده‌بێت، كه توانای تۆماركردن و ناردنی داتاكانی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی ئێستا كه ده‌به‌سترێت میكانیكییه، پێنج هه‌زار سێجای یه‌كه‌م كه ئاو بۆ هاووڵاتیانه‌وه ده‌چێت، بێ به‌رامبه‌ره، خه‌رجی هه‌ر مه‌تر سێجای ئاو له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 508 دیناره، واته كه ده‌گوترێت پێوه‌ره‌كان هه‌واش ده‌خوێنیته‌وه، حكومه‌ت حیسابی ئه‌وه‌شی كردووه، بۆیه حكومه‌ت له سێكته‌ری ئاودا قازانج نه‌ویسته.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ماوه‌ی نێوان 2010 تاكو 2022، ئه‌مساڵ باشترین ساڵ بووه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی ئاو، كه گه‌یشتووه‌ته 60 ملیار دینار، به‌و ژماره ده‌گه‌ینه رێژه‌ی له‌سه‌دا 46 خه‌رجییه‌كانمان، ئه‌گه‌ر خه‌رجی كاره‌باشی بێته‌سه‌ر كه خه‌رجی ناڕاسته‌وخۆی پێده‌گوترێت، خه‌رجییه‌كان ده‌گه‌نه پتر له 500 ملیار دینار، به‌گشتی داهاتی ئاو له‌سه‌دا 12ـی خه‌رجییه‌كانه.
له‌باره‌ی چۆنییه‌تی وه‌رگرتنی پاره‌ی ئاو له هاووڵاتیان، ئاری ئه‌حمه‌د گوتی: "ئه‌وه‌ی پێوه‌ری ئاوی نه‌بێت، مانگانه بڕی 80 هه‌زار دیناری لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ی پێوه‌ری زیره‌كیشی به‌ستابێت، ئاوی خه‌رج نه‌كردبێت (سفر) دیناری بۆ دێته‌وه".
گوتیشی: "ئه‌وه‌ی پێوه‌ری ئاوی نه‌به‌ستووه، هیچ سزایه‌كی بۆ دانه‌نراوه، ئه‌و پێوه‌ره له‌هه‌موو شوێنێكی كوردستان بێ جیاوازی به‌ستراوه، بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی به‌ستنی پێوه‌ری ئاو، چاوه‌ڕێ بڕیاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانین، كه ئه‌و بریاره بدات، داوامان كردووه بۆ چوار مانگی دیكه درێژبكرێته‌وه".