پەرلەمانتارانی نەمسا کەفالەتی بەندکراوانی ئێرانی دەکەن

پەرلەمانتارانی نەمسا وێنەی چەند بەندکراوێکی ئێرانیان بەدەستەوەگرتووە
پەرلەمانتارانی نەمسا وێنەی چەند بەندکراوێکی ئێرانیان بەدەستەوەگرتووە

K24 – هەولێر

تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی نەمسا، کەفالەتی ١٨٣ بەندکراوی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێرانیان لەئەستۆگرت. بەشێک لەو بەندکراوانە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ئەو هەڵوێستە رۆژی سێشەممە (٢٠ـی کانوونی یەکەم) لەلایەن تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی نەمسا وەرگیرا و رایانگەیاند، مەبەستیان لەو هەڵوێستە، راکێشانی سەرنجی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی بەندکراوانی ئێرانە.

سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی نەمسا، دەڵێت: لە نامەیەکدا شێوەی هەڵسوکەت لەگەڵ بەندکراوانی ئێرانمان شەرمەزارکردووە و ئەو نامەیەش رادەستی باڵیۆزی ئێران لە نەمسا و ئەندامانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ئێران دەکرێت.

هارڵد تروخ، ئەندامی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی نەمسا لەوبارەیەوە بە رۆژنامەنووسانی گوت: پەرلەمانی نەمسا لە دۆخێکی باش دایە بۆ ئەوەی حکومەتی ئێران بەهۆی سەرکوتکردنی توندی خۆپێشاندەران، شەرمەزار بکات.

هەروەها زیگرید ماوڕ، سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانتارانی نەمسا دەڵێت: سەرنجی نێودەوڵەتی، واتا پشتگیری لە بەندکراوان، ئەمە کاریگەرترین رێگەیە. توندوتیژیی حکومەتی ئێران قبووڵکراو نییە.

زیگرید ماوڕ، کەفالەتی نیلوفەر حامدی، رۆژنامەنووسی رۆژنامەی شەرقی لەئەستۆگرتووە.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و سوید و چەند وڵاتێکی دیکە، کەفالەتی سیاسیی بەندکراوانی ئێرانیان لەئەستۆگرتووە و مەبەست لێی، گوشارە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و راکێشانی سەرنجی نێودوڵەتی لەسەر دۆخی بەندکراوانی ئێران.

خۆپێشاندانەکان کە سەرچاوەیان لە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە گرتووە، زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە. لەو ماوەیەدا زۆربەی خۆپێشاندانەکان بەتوندی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیرانەوە وەڵامدراونەتەوە. چالاکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ لە ئێران، رایانگەیاندووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠٠ خۆپێشاندەر کوژراون، سەرووی ١٠ هەزار کەس برینداربوونە و نزیک بە ١٨ هەزار کەسیش گیراون.