لە راپەڕین زیاتر لە 60 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەناوبردرا

K24 – هەولێر

ئاسایشی راپەڕین لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پشدەر، زیاتر لە 60 کیلۆ ماددەی هۆشبەری لەناوبرد.

ئارام مەلا گوتەبێژی ئاسایشی راپەرین، ئەمڕۆ (چوارشەممە 21ـی کانوونی یەکەم) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، 60 کیلۆ و 800 گرام لە جۆرەکانی حەشیش، تریاک، کریستاڵ و هێرۆئین لەناودەبردرێن.

بەپێی لێدوانی گوتەبێژی ئاسایشی راپەرین، 17 دۆسیەی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بە تەواوی یەکلابووەتەوە.

ئەو گوتی: بەداخەوە بە شێوەیەکی گشتی ئەمساڵ ماددەی هۆشبەر روو لەزیادبوونبووە. لە سنووری ئێمە لە مانگی ئەیلول بۆ تشرینی دووەم، رێوشوێنی توندگیراونەتەبەر و بەخۆشحاڵییەوە لەو ماوەیەدا ئامارەکان کەمبوونەتەوە و ئەمەش زیاتر بە هاوکاری خەڵک بووە.

ئارام مەلا هەروەها رایگەیاند، "بەداخەوە سنووری ئێمە زیاتر وەک ترانزیت بەکار دێت".