پارێزگاری هەڵەبجە روونکردنەوە لەبارەی پەیامێک دەدات کە باسی لە توندوتیژی دژی ژنان کردووە

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە

K24 – هەولێر

بڵاوکردنەوەی پەیامێک بە بڵندگۆ لەسەر بینای شارەوانی هەڵەبجەوە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و پارێزگاری شارەکە رایگەیاند، لەو پەیامەدا بەهیچ جۆرێک باسی جێندەر و هاورەگەزبازی نەکراوە و سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، کەیسەکەیان داوەتە دادگا.

شەوی رابردوو لەسەر بینای شارەوانی هەڵەبجە، بڵندگۆیەک دانراوە و باسی لە یەکسانی و توندوتیژی دژی ژنان کراوە، هەندێک کەسیش وەک بانگەشەکردن بۆ جێندەر و هاوڕەگەزخوازی لێکدانەوەیان بۆ کردووە.

ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢١ـی کانوونی یەکەم) ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "هاوڕەگەزبازی لە كۆمەڵگەی كوردی قەدەغەیە و نامۆیە، ئەوەی ئەو پەیامە لە بڵندگۆكە خوێندراوەتەوە یەك وشەی لەسەر جێندەر و رەگەزبازی تێدا نەبووە".

ئەو، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پەیامەی دراوە باسی ئازادی ژن و یەکسانی کردووە و دژی توندوتیژی بووە، ئێمەش دەزانین ئایینی ئیسلام ئایینی ئاشتی و پێکەوەژیانە".

پێشتر عەبدولحەکیم نەجیب سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە دەنگییەوە لە روونکردەوەیەکدا رایگەیاندبوو، سکاڵای یاسایی لەسەر سکرتێری نووسینگەی پارێزگار تۆمار دەکات و ناچێتەوە سەرکار تا پارێزگار روونکردنەوە لەسەر بابەتەکە نەدات.

هەروەها لە روونکردنەوەکەی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە هاتووە: ئەو دوو دەقەیەی کە بڕیاربوو لە سێ کاتی جیاوازدا بۆ پاڵپشتی ژنان بکرێت، ئەوە نەبوو کە بەمنیان گوت و درۆیان لەگەڵ کردم و پەخشەکە لەگەڵ کولتوور و دابونەریتی ئێمەدا ناگونجێت".

هەر ئەمڕۆ سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا، ئاماژەی بەوەکرد، دوای روونکردنەوەکەی پارێزگار لە سبەینێوە دەچێتەوە سەرکارەکەی خۆی و گوتیشی، کەیسەکەیان داوە بە دادگا و یاسا سەروەرە.