نزیکەی ١٨٥ هەزار خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە

.
.

K24 – هەولێر

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ١٩ـی کانوونی یەکەم، ٣٦ ملیۆن و ٨٦٩ هەزار و ٤٠٠ لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەشکردووە.

بە پێی دوایین ئاماری وەبەرهێنانی کانزایی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو ١٩ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ١٨٤ هەزار و ٣٤٧ خێزان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەندبوونە و پرۆسەکەش لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.

لە سنووری پارێزگای هەولێر، ٩ ملیۆن ٩٢٤ هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٤٩ هەزار و ٦٢٠ خێزان سوودمەندبوونە. لە سنووری پارێزگای دهۆک، ١٠ ملیۆن و ٦٤١ هەزار و ٦٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٥٣ هەزار و ٢٠٨ خێزان سوودمەندبوونە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش، ١٦ ملیۆن و ٣٠٣ هەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٨١ هەزار و ٥١٩ خێزان، سوودمەندبوونە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ٧٠ ملیار دیناری بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخانکردووە و بەشێوەی تەندەر ٣٢٠ هەزار بەرمیلی بە نرخی ٢٨٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابینکردووە. هەروەها پاڵپشتیی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک دەگاتە ٦٥% و هاووڵاتییان تەنیا لە ٣٥% نرخەکەی دەدەن.