پوتن: هەمیشە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە جیهانی شارستانی

K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامانجی سەرەکی دوژمنی ستراتیژییان، شکاندنی رووسیا و لەناوبردنی دەسەڵاتەکەیانه. ده‌شڵێت: هەمیشە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە جیهانی شارستانی. وه‌زیری به‌رگری ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا 97 ملیار دۆلاریان بۆ پێدانی چه‌ك به ئۆكرانیا خه‌رج كردووه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 21ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی سەربازی وڵاته‌كه‌ی ئه‌نجامدا بەمه‌به‌ستی دیاریکردنی ئەرکەکانی سوپای وڵاته‌كه‌ی لە ساڵی داهاتوودا.
له‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پوتن گوتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، سوپاسی هەموو ئەو ئەفسەر و سەربازانە ده‌كه‌م، کە گیانی خۆیان لە پێناو نیشتماندا به‌خت ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئەفسەرەکانمان ئازایانە و بوێرانە بەرگری لە نیشتیمانی باوك دەکەن، ئەرکەکانیان بە تەواوی جێبەجێ دەکەن تا ته‌واوی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت ده‌پێكێن."
پوتن گوتی: سوپاسی هەموو هێزە چەکدارەکانی رووسیا ده‌كه‌م، کە وەک جه‌نگه‌كانی ساڵی 1812 و جەنگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
سه‌رۆكی رووسیا دووپاتیكرده‌وه، هەرچەندە هەموو تواناکانی ناتۆ لە دژی سوپای رووسیا وەستاون، بەڵام ئازایەتی ئەفسەرەکانیان بە تەواوی تەواوکەری ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە دەبێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کۆمەڵێك بابەتی وروژاند، کە دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، وەک پرسەکانی پەیوەندییەکان، ئۆتۆماتیکیکردن و تاکتیکی شەڕی پاترییه‌كان.
پوتن گوتی: ئەزمونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە، هاوشێوه‌ی ئەزموونه‌كه‌مان لە سووریا، دەبێت ببێتە بنەمای ئەو مه‌شق و راهێنانه، کە پێشکەشی ئەفسەر و سەربازانی ئەکادیمیاکان دەکەین، لەنێویاندا کۆلێژی ئه‌ركانی جەنگ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویستە لەگەڵ وەزارەتە تایبەتمەندەکان پەرە بە کارکردن بدەین و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕانی بواری بەشی ئەندازیاری و ناوەندەکانی توێژینەوە بکەین.
گوتیشی: هاوسەنگی رێگری ئەتۆمی بنەمای سەقامگیری جیهانە و لە مانگی یه‌نایه‌ر مووشەکەکانی سارمات زیركۆن دەچنە بواری خزمه‌تی سه‌ربازی کە له جیهاندا هیچ هاوتایەکیان نییە.
سه‌رۆكی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویستە گرنگی بە وردەکارییەکان بدەین سەبارەت بە خۆراك، جلوبەرگ، پێداویستی پزیشکی بۆ هێزە چەکدارەکان و ده‌بێت بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە هەموو ئاستەکانی ئیدارەدا فراوانتر بکرێت و ده‌بێت چارەسەری گرفته‌كانیش بکەین، بۆ باشترکردنی سیستەمی هەماهەنگی نێوان بەشەکان.
پوتن جه‌ختیكرده‌وه، ئامانجی سەرەکی دوژمنی ستراتیژیمان، شکاندنی رووسیا و لەناوبردنی دەسەڵاتەکەیە و رووسیا گەورەیە و هه‌ندێك لایه‌ن به هه‌ڕه‌شه ده‌یزانن، له‌كاتێكدا ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە "جیهانی شارستانی"، بەڵام کەس لەوێ چاوەڕێمان نەبوو.
سه‌رۆكی رووسیا روو له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی كۆبوونه‌وه گوتی: ژمارەیەك لەوانەی لێرەن زۆر باش دەزانن له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان چی روویداوە، کاتێک وه‌ك هه‌وڵێك بۆ تێكدانی دۆخی رووسیا، رۆژئاوا چۆن پشتیوانیی له "قاعیدە" و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی کرد، بەڵام بە هاوکاری خەڵکی قەفقاز توانیمان رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە.
هه‌روه‌ها گوتی: رۆژئاوا چووه‌ته ناخی وڵاتانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو و مێشكی ئه‌وانی شۆردووه، له‌وانه‌ش ئۆکرانیا، سەرەڕای ئەوەش هەوڵماندا پەیوەندیی دراوسێیەتیمان لەگەڵ ئۆکرانیا بپارێزین، قەرز و غازیشمان بە نرخێکی کەم بۆیان دابین کرد، بەڵام هەمووی بێهودە بوو و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، دوژمن له‌سه‌ر پینه‌كانی سوور بوو، و دەبێت بە شێوەیەکی کاریگەر بناسرێت، و توانی دووبه‌ره‌كێ لە نێوان دوو گەلدا بكات، کە مێژوو و کولتووریان بەیەکەوە گرێدراون. ئێمە هەمیشە گەلی ئۆکرانیامان بە گەلێکی برایانە زانیوە، منیش تا ئێستا بە گەلێکی برا دەیانزانم، ئەوەی دەگوزەرێت کارەساتە، بەڵام بەهۆی ئێمەوە نەبوو، به‌ڵكو هەمووی بەهۆی پرۆسەی پارچەپارچەبوونی "جیهانی رووسیا" بوو.
پوتن باسی ئه‌وه‌شی كرد، لە ساڵی 2014 وەزیرانی دەرەوەی پۆڵەندا، فەرەنسا و ئەڵمانیا سه‌ردانی کیێڤیان كرد و رێککەوتنی نێوان سەرۆک یانۆکۆڤیچ و ئۆپۆزسیۆنیان واژۆ کرد، بەڵام دوای چەند رۆژێک بەڵێنەکانیان شکاند. کاتێکیش پرسیارم لە "هاوبەشەکانمان" کرد سەبارەت بە هۆکاری كوده‌تاكه‌یان، هیچ وەڵامێكم دەست نەکەوت.
سه‌رۆكی رووسیا جه‌ختیكرده‌وه، گەلی ئۆکرانیا ساڵانێکە "مێشکیان دەشۆردرێت" نیو نازیه‌تی نوێیان چاندووە و لە هێماکانی نازیەکان "پاڵەوان"یان دروستکردووە و گوتی: هیچ کەسێك سەرنجی "نازیزمی نوێ" نادات، چونکە ئەوە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەسەر ئێمەدا هات، کاتێك تیرۆریستیان بۆ ناردبووین، کەسیش گرنگیی بەو شتە نەدا، بۆ ئێمە گرنگه، بەڵام بۆ ئەوان بوونی نازیه‌تی نوێ هیچ گرنگییه‌كی نییه.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، ئێمە تواناکانمان دەزانین، دەزانین چی بۆ پەرەپێدان پێویسته، ئێمە هەموو شتێکمان هەیە، هەموو ئەگەرەکان بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانمان و ئەو کارە دەکەین، بەبێ هیچ ئیمتیازێک. ئێمە ئەوە دەکەین کە تەنیا په‌یوه‌ندیی بە سەرچاوە نیشتمانییەکانمانەوە هه‌یه.
پوتین: ئێمە مەبەستمان میلیتاركردنی ئابووری و دەوڵەتمان نییه، هەموو کێشەکانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا بەبێ هیچ دابڕان لە ژیانی مەدەنی چارەسەر دەکەین و هەموو وڵاتەکە چاوی لە هێزە چەکدارەکانی رووسیایە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی هەموو ئەو ئەرکانەیە کە پێیان سپێردراوە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سێرگی شویگۆ، وه‌زیری به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، سوپای وڵاته‌كه‌ی له ئۆكرانیا رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی رۆژئاوا ده‌بێته‌وه و وڵاتانی رۆژئاوا 97 ملیار دۆلاریان بۆ پێدانی چه‌ك به ئۆكرانیا خه‌رج كردووه.
ئه‌م گوتانه‌ی سێرگی شویگۆ له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی هاتوون، كه به سه‌رۆكایه‌تی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا به‌ڕێوه‌چوو و دووپاتیكرده‌وه، له‌و شه‌ڕه‌دا ته‌نها ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێگه‌ی لاوازكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی له ئه‌وروپا سوودمه‌نده، له به‌رامبه‌ریشدا رووسیا له كرده سه‌ربازییه‌كانی بۆ پارێزگاریكردن له هاووڵاتیان له كۆمه‌ڵكوژی به‌رده‌وامه.
شویگۆ گوتی: زۆربه‌ی پێداویستییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئۆكرانیا ده‌چێت، له‌وانه‌ش تا ئێستا 70 مانگی دروستكراوی پیشه‌سازی سه‌ربازی و ژماره‌یه‌ك مانگی ده‌ستكردی دیكه‌ی جیاواز و به‌شێك له‌و چه‌كانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به ئۆكرانیای ده‌دات، ده‌گوازرێنه‌وه بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، کردەوە تیرۆریستییەکانی ئۆکرانیا لە میدیاکانی رۆژئاوا وەك "پاڵەوانیێتی" نیشان دەدرێن و پڕوپاگەندەی نازیه‌ت دەکرێت، لە کاتێکدا ئه‌و سەربازانه‌ی سوپای ئۆکرانیا کە پابەندی فەرمانەکان نابن له‌ناو ده‌برێن.
گوتیشی: زیاتر لە 20 هەزار کەسی خۆبەخش لە ریزەکانی هێزە چەکدارەکانن، ئەمە جگە لەو پاڵپشتییەی لە ژمارەیەك دامەزراوە و ئۆرگانی کۆمەڵایەتی وەریدەگرین.
شویگو جه‌ختیكرده‌وه، سوپای رووسیا توانیویه‌تی رووبه‌ری پێنج ئه‌وه‌نده كۆنترۆڵ بكات، كه به‌ر له 24ی فێبرایه‌ر له‌ژێر كۆنترۆڵی هه‌ردوو كۆماره‌كانی دۆنێتسك و لوهانسك بوون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمە بەندەری ڤێردیانسك و ماریوپۆلمان بۆ کار و ژیانی مەدەنی ئامادە کردووە و دەریای ئازۆڤیش جارێکی دیکە وه‌ك سه‌ده‌كانی رابردوو گه‌ڕایه‌وه باوه‌شی رووسیا.
به گوته‌ی شویگۆ، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی رووسیا پیشەییبوون و کاریگەری و نەرمییه‌تی خۆی سه‌لماند و وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکانی رووسیای نیشان دا.
باسی ئه‌وه‌شیكرد، لە مانگی یه‌نایه‌ری داهاتوو ژێردەریایی "ئەدمیراڵ گۆرشکۆڤ" دەچێتە خزمەتی شەڕ، کە نوێترین مووشەکی رووسی "زیرکۆن"ی هەڵگرتووە.
گوتیشی: سێكوچكه ئەتۆمییەکەی رووسیا به دابینکردنی نوێترین چەك بۆ هێزەکانی سوپا، له ئاستێکی بەرزی ئامادەییدایه.
وه‌زیری به‌رگری رووسیا دووپاتیكرده‌وه، 27 وڵاتی جیهان 97 ملیار دۆلاریان بۆ دابینکردنی چەك بۆ ئۆکرانیا خەرج کردووە و گوتیشی: لە ماوه‌ی ساڵی 2022 له سه‌رانسه‌ری جیهان 15 مانۆڕی سه‌ربازی ئه‌نجامدراون.