سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: پارتی و یەکێتی کۆبوونەتەوە و لەبارەی چەند پرسێک لێکتێگەیشتن هەیە
K24 - ههولێر:
لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی و یەکێتی کۆبوونەتەوە و لەسەر چەند پرسێک لێکتێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پارتی و یەکێتی کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکاندا لەبارەی چەند پرسێک لێکتێگەیشتنی باش هەیە، گرنگترینیان هەردوولا رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر گۆڕانکارییە حکومییەکان.
پێشتر یەکێتی داوای دەکرد شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بگۆڕدرێت و لە شوێنی ئەو کەسێکی دیکە دابندرێت.
پارتیش دوای ئەنجامدانی کۆنگرە گۆڕانکاری لە ئۆرگانە حیزبییەکانیدا کرد و بڕیاریشە گۆرانکاری لە چەند پۆستێکی حکومی و پەرلەمانیدا بکات، وەکو پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.
ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییانە پێویستی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران هەیە، و بەپێی زانیارییەکانی کوردستان٢٤ کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی له رۆژانی داهاتوودا بهردهوامدهبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بەشێک لە تیمی وەزاری یەکێتی بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کرد.