مه‌سرور بارزانی گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی عەنكاوە تەرخاندەكات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دا بە تەرخانكردنی زیاتر لە پێنج ملیار دینار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆستە و جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە قەزای عەنكاوە لە پارێزگای هەولێر.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گوژمەكە رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی داوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامەكان و دروستكردنی شۆستە و گەیاندنی ئاو و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە كەرتی 128ی عەنكاوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئەو گوژمەیە لەسەر پەرەپێدانی پرۆژەكانی عەنكاوە، گوتیشی: ئەو گوژمەیە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی عەنكاوە و لەڕووی خزمەتگوزارییەوە شارۆچکەکە هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە و ئاشتی خزمەتگوزارییەكان تێیدا بەرز دەبێتەوە.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌ناوی دانیشتوانی عه‌نكاوه‌وه‌، سوپاسی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیكرد بۆ پاڵپشتییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی و به‌ قه‌زاكردنی شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌شی به‌ بڕیارێكی مێژوویی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌سفكردووه‌.

ئانۆ جه‌وهه‌ر، ستایشی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ بۆ دابینكردنی پێنج ملیار دینار به‌ مه‌به‌ستی جێبەجێكردنی پرۆژەی قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆستە و جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە قەزای عەنكاوه‌.

ئه‌و وه‌زیری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ نوێنه‌ری پێكهاته‌ی كریستیانه‌كانه‌، جه‌ختی له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ی قه‌زای عه‌نكاوه‌ كردووه‌كه‌ كه‌ ئێستا زیاتر له‌ 180 پرۆژه‌ی كه‌رتی تایبه‌تی تێدایه‌ و ئه‌مه‌شی به‌ نیشانه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی كوردستان وه‌سفكردووه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیشه‌ بۆ مانه‌وه‌ی كریستیانه‌كان.

هه‌روه‌ها ئانۆ جه‌وهه‌ر، قه‌زای عه‌نكاوای به‌ ڤاتیكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوهێناوه‌ و روونیكردووه‌ته‌وه‌، "یه‌كێكه‌ له‌ گەورترین شارەکانی کریستیانەکان لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تاكه‌ شاری كریستیانه‌كانه‌ كه‌ كریستیانه‌كان بۆی كۆچ ده‌كه‌ن زیاتر له‌وه‌ی لێی كۆچ بكه‌ن".