پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی: ئەو بڵندگۆیانە لابران کە بەرامبەر مزگەوتەکەمان دانرابوون

K24 - سلێمانی:
پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی رایگەیاند، بە هەوڵی ئیدارەی مزگەوتەکەیان، ئەو بڵندگۆیانە لابران کە بەرامبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی دانرابوون و بانگەشەکردنیان، بۆ چەند بابەتێک ببووە هۆی ناڕەزایەتی نوێژخوێنان.
ئەمڕۆ پێنج شەممە (22ی کانوونی یەکەمی 2022) مامۆستا محەممەد حوسێن، پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، بە کوردستان24ی گوت "بە هەوڵی شێخ محەمەد شێخ سالار حەفید، کە سەرپەرشتی ئیدارەدانی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەکات، پەیوەندی بە پارێزگا و قائیمقامیەت و ئاسایشی سلێمانییەوە کرا، لەسەر پرسی بانگەشەکردن بۆ چەند بابەتێک لەو بڵندگۆیانەی بەرامبەر مزگەوتی گەورە دانرابوون".
پێشنوێژی مزگەوتەکە ئاماژەی بەوەشدا "بانگەشەکردن بۆ چەند بابەتێک، لە بڵندگۆکانەوە ببووە، هۆکاری ناڕەزایەتی بەشێک لە نوێژخوێنانی مزگەوتەکەمان و ئەگەری ئەوە هەبوو، پشێوی دروست ببێت، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی، پارێزگا و قائیمقامیەت و ئاسایش، بڵندگۆکان لابران و رێگری کرا لەوەی هیچ حاڵەتێک رووبدات".
مامۆستا محەممەد حوسێن، پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی ئاماژهی بهوهشكرد، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەی سەرجەم بۆچوونە جیاوازەکان پێکەوەبژین و پەیامی ئایینی ئیسلام کە ئاشتیی و تەباییە جێبەجێبکرێت، نەک کارێک بکرێت کە خەڵک پێی نیگەران ببن.
رۆژی سێ شەممەی رابردوو (20ی کانوونی یەکەم) لە شارەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و رانییە) پرۆژەیەک راگەیەندرا، بۆئەوەی لە رێگەی بڵندگۆوە تۆمارێکی دەنگی بڵاوبکرێتەوە، کە تایبەت بوو بە پەیامێک لەسەر توندتیژی دژی ئافرەتان، لە شاری سلێمانی بڵندگۆ لە بەردەم کاسۆ مۆڵ دانرابوو، کە دەکەوێتە بەرامبەر مزگەوتی گەورەی شارەکەوە.
هەروەها بڵاوکردنەوەی پەیامێک بە بڵندگۆ لەسەر بینای شارەوانی هەڵەبجەوە، کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، لەو پەیامەدا بەهیچ جۆرێک باسی جێندەر و هاوڕەگەزبازی نەکراوە، عەبدولحەکیم نەجیب سەرۆکی شارەوانیش لەو کارە نیگەران بوو، سەرەتا بڕیاریدابوو نەچێتەوە سەر کارەکەی، بەڵام دوای روونکردنەوەکەی پارێزگاری هەڵەبجە، گەڕایەوە سەر کاری رۆژانەی و گوتی "کەیسەکەیان داوەتە دادگا".