مەشق و راهێنانی هێزەکانی ئیتاڵیا بە پێشمەرگە دەستپێدەکاتەوە

نزیکەی 280 راوێژکار و سەربازی لە هەرێمی کوردستانن

K24 - هەولێر

ئیتاڵیا لە شەڕی داعش بە یارمەتی لۆجیستی و پێدانی چەک، یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگەی دا، جگە لەوە تا هاتنی کۆرۆنا، لە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە بەردەوام بوون، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو مەشق و راهێنانی هێزەکانی ئیتاڵیا بە پێشمەرگە دەستپێبکاتەوە، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: لەگەڵ هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەولێر، چاوەڕوان دەکرێت یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا واژۆ بکرێت.

ئیتاڵیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو لە رۆژی تەنگانەدا نەیهێشت هەرێمی کوردستان بە تەنیا بمێنێتەوە، وەک یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به‌ داعش، رۆڵێکی کاریگەری بینی لە هاوکاریکردنی ‌‌هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا .

رۆڵی سەربازانی ئیتاڵیا زیاتر مەشقپێکردن و راهێنان و فێرکردنی تەکنیکی نوێی شەڕ بوو بە هێزەکانی پیشمەرگە و سوپای عێراق.

عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "چاوەڕوان دەکەین ئیاڵیاش پڕۆژەی نوێیان هەبێت وەکو وڵاتانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا، رەنگە لێک تێگەیشتنێکی نوێ لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەر و وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا واژۆ بکرێت".

ئیتاڵیا لە شەڕی داعش، بە یارمەتی لۆجیستی و پێدانی چەک هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی کرد، بەتایبەت بە پێدانی چەکی دۆشکەی پێشکەوتوو.

پێشتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، رایگەیاندبوو، لە ساڵی 2017دا ئیتاڵیا 800 سەرباز و راهێنەر و مەشقپێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژمارەی راوێژکار و سەربازانی ئیتاڵیا نزیکەی  280 راوێژکار و سەربازە.