سەربەست لەزگین: ئەگەری زیادکردنی راوێژکارە ئیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئارادایە

K24 – هەولێر

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ئەگەری ئەوە هەیە لە ساڵی داهاتوودا ئیتاڵیا ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی سەردانی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا هەیە، زۆرجاریش بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

گوتیشی: "ئیتاڵیا پێگەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی هەیە لە بواری سەربازیدا، یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی ناتۆ. وەک وەزارەتی پێشمەرگە خۆشحاڵین بە سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان، ئیتاڵیا لە ساڵی 2014ـە و 2015 رۆڵی گرنگی و کاریگەری هەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی داعش".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە ئاستێکی زۆر باشدان، پێشتر چەند جارێک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیتاڵیایان کردووە، جوگرافیای هەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا زۆر گرنگە، ئەو پێکەوەژیانە و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە خاڵێکی بەهێزە، بۆیە وڵاتان دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە ببەن، ئیتاڵیاش یەکێکە لەو وڵاتانە دەیەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات".

سەربەست لەزگین، ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند ساڵی رابردوودا ئیتاڵیا چەندین جار چەکی بە هێزەکانی پێشمەرگە داوە، لەنێو ئەو چەکانەدا دژەتانک و دۆشکە هەن، هەروەها رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە مەشق کردن بە هێزەکانی پێشمەرگە، بە هەزاران پێشمەرگە مەشقیان پێکراوە و خولیان بینیوە، دەشڵێت: "وەک ئێمە ئاگادارین، تیمی راوێژکارانی ئیتاڵیا دەیانەوێت بەردەوام بن لە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.

دەربارەی مەترسی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردەوە، مەترسی تیرۆر بە گشتی لە عێراق بەردەوامە، رەنگە لە ساڵی داهاتوو راوێژکارەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن، بۆ ئەوەی ئاستی هێزەکانی پێشمەرگە بەرزتر بکرێتەوە، کە ئەوە ئامانجی هاوپەیمانانە.