وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان: 19ملیار دینار قەرزی کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دراوەتەوە

عادل مه‌لا ساڵح، گوته‌بێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان
عادل مه‌لا ساڵح، گوته‌بێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانی سیاسی ده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ 19ملیار دینار قەرزی کرێی خوێندنی ساڵانی پێشوویان داوه‌ته‌وه‌.

عادل مه‌لا ساڵح، گوته‌بێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كاندا، رێژه‌ی 100% داشكاندن بۆ كرێی پشكنیك، چاره‌سه‌ری و نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلی و تایبه‌ته‌كاندا، رێژه‌ی 50% داشكاندنیان بۆ ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ كرێی خوێندنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ئه‌هلی له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و زانكۆ و په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، بڕیاردراوه‌ له‌ هه‌ر به‌شێكدا، پێنج كورسی خوێندن بێ به‌رامبه‌ر بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان دابینده‌كرێت.

گوته‌بێژه‌كه‌ی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان روونیكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ كرێی خوێندنی كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی كه‌ قه‌رزی ساڵانی پێشتربوون، رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان زیاتر له‌ 19 ملیار دینار له‌و قه‌رزه‌ی داوه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی زه‌وی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، عالد مه‌لا ساڵح، ئاماژه‌ی به‌ پلانێكی نوێی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ له‌ بری دابه‌شكردنی زه‌وی نیشته‌جێبوون، یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دروستبكات و به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراواندا دابه‌شبكرێت.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ (21ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)ـدا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێی راپۆرتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان كرا لە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان، زیندانیان و راگیراوانی سیاسی كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چڕبکرێنەوە، بۆ ئەوەی بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیاریه‌تی قەرەبووی شایستەی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان، زیندانیان و راگیراوانی سیاسی بگرێتەئەستۆ، کە قوربانی دەستی رژێمەکانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەک ماف و شایستەی هەرێم جێگیرکراوە.