مه‌سرور بارزانی: زۆر نیگەرانم لەو هێرشە قێزەونەی کرایە سەر رەوەندی کوردی لە پاریس

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ره‌وه‌ندی كوردی له‌ پاریس بڵاوكرده‌وه‌ و داوا له‌ رەوەندی کوردی دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و بە هیچ شێوەیەک بیانوو بۆ توندوتیژی نەهێننەوە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زنجیرە تویتێکی بە زمانی ئینگلیزی دەربارەی هێرشەکەی سه‌ر ره‌وه‌ندی كوردی له‌ پاریس بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووه‌: زۆر نیگەرانم لەو هێرشە قێزەونەی کرایە سەر رەوەندی کوردی لە پاریس. هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان. داوا لە رەوەندی کوردی دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن و بە هیچ شێوەیەک بیانوو بۆ توندوتیژی نەهێنینەوە.

مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت، "باوەڕمان بە هاوبەشە فەرەنسییەکانمان هەیە کە هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی رەوەندی کورد لە سەرانسەری وڵات و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە".

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، "گەلی فەرەنسا چەندین جار پشتیوانی ئێمەی کردووە. ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە؛ ئێمە بەیەکەوە رووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە و میوانداری ئەو کەسانە دەکەین کە بەهۆی توندوتیژی و شەڕەوە ئاوارە بوون. ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییەی لە نێوانماندا هەیە،  زۆر لە ئەجێندای رقاوی ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەهێزترە."

رۆژی هه‌یینی 23ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، کەسێکی تەمەن 69 ساڵ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە چەکەوە هێرشیکردە سەر سەنتەرێکی رۆشنبیری کوردیی و ئارایشتگایەک و لەئەنجامدا، سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەڕوونی دیارە چەکدارەکە کەسانی بیانیی بەئامانج گرتووە.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشدا، چەکدارەکە پێشتر شۆفێری شەمەندەفەر بووە و خانەنشین بووە، بەڵام "دڵنیا نین چەکدارەکە بەتایبەت خەڵکی کوردی بەئامانج گرتووە".

پاش دەستگیرکردنی هێرشکارەکە و بڵاوبوونەوەی هەندێک زانیاری لەبارەی رووداوەکە، کوردانی دانیشتووی فەرەنسا و بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانێکیان دژی ئەو هێرشە دەستپێکرد و تێیدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو. 

یەکێک لەو کەسانەی لە هێرشە چەکدارییەکەی پاریس کوژرا، هونەرمەندێکی کوردە بەناوی (میر پەروەر).