تومەنی ئێرانی دابەزینێکی مێژوویی دیکەی تۆمارکرد

تومه‌نی ئێرانی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ نووسینگه‌یه‌كی ئاڵۆگۆڕكردنی دراو
تومه‌نی ئێرانی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ نووسینگه‌یه‌كی ئاڵۆگۆڕكردنی دراو

K24 - هه‌ولێر:

تومەنی ئێرانی دابەزینێکی دیکەی مێژوویی تۆمارکرد و ئێستا 100 دۆلار بەرامبەر بە چوار ملیۆن و 40 هەزار تومەنی ئێرانییه‌.

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 24ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، بەھای تومەنی ئێرانی نزمترین ئاستی تۆمارکرد، بەجۆرێک 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە چوار ملیۆن و 40 هەزار تمەنى ئێرانى بوو ، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژوودا بەهاى تومەن بەمشێوەیە دابەزێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، عەلی ساڵح ئابادی، سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، نائارامییەکانی ئەم دواییەی کاریگەرییان لەسەر دابەزینی بەهای دراوی ئیران هەبووە. ئەو گوتیشی: بەرزبوونەوەی سووی بانکی لە 90٪ـی وڵاتانی دنیا و هەروەها هەڵکشان و داکشانی وەرزانە، دوو هۆکاری دیکەی ناسەقامگیریی بازاڕی دراوی ئێرانن.

هەڵبەت شارەزایانی ئابووری لە ئێران بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە. کامەران نەدری، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ئیمام سادق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەراروو، باس لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی دەکات. ئەو دەڵێت: سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەت، کورتهێنانی بودجە، قەرزکردنی حکوومەت لە بانکی ناوەندی، ناسەقامگیر بوونی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێرانی بە هۆکاری دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە زانیوە.

لەلایەکی دیکەوە حسێن راغفەر، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ئەلزەهرا بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی راگەیاندووە: بە دڵنیاییەوە حکوومەت هۆکاری دابەزینی بەهاری دراوی ئیرانە، لەبەر ئەوەی دەیهەوێت بە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار کورتهێنانی بودجە قەرەبوو بکاتەوە.

راغفەر، بە ئاماژەکردن بەوەی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی کۆنترۆڵی هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی بەهای دراوی نیشتمانیی وەک هێڵە سوورەکانی خۆی دیاری کردبوو، جەختی کردووەتەوە کە حکوومەت توانایی بەڕێوەبردنی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی نەماوە.