عه‌بدوڵڵاهیان: ئاماده‌ین به نێوه‌ندگیری عێراق په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ میسر ئاسایی بكه‌ینه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان رایگه‌یاند، پێشوازی له پێشنیازی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ده‌كه‌ین، بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ میسردا.
عه‌بدوڵڵاهیان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی "میزان"ـی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند، له په‌راوێزی كۆنگره‌ی به‌غداد2 كه له ئوردن به‌ڕێوه‌چوو، دیدارم له‌گه‌ڵ سوودانی هه‌بوو، له‌و میانه‌یه‌دا سوودانی پێشنیازی كرد تاران و قاهیره ده‌ست به دانووستان له سه‌ر هه‌ردوو ئاستی سیاسی و ئه‌منی بكه‌ن به مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییان و ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه پێشوازیمان له‌و بژاره كردووه.
گوتیشی: له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا سوودانی رێككاری پێویست له‌و باره‌یه‌وه ده‌گرێته به‌ر و ئێمه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین له چاودێری كردنی ئه‌و بابه‌ته و پێ به پێ له‌گه‌ڵ رۆڵی عێراقین له ئاستی هه‌رێمایه‌تییدا بۆ به‌هێزكردنی بژارده‌ی گفتوگۆ و هاوكاری نێوان وڵاتان.
سه‌رچاوه: میزان