بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: پێویسته‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا هێز و وزەی خۆمان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکدا سەرفبکەین

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

K24 – هه‌ولێر:

له‌ راگەیەندراوی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا جه‌خت له‌سه‌ر پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كانی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فیدراڵی كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ پێویستیشی ده‌زانێت حزبه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی كابینهی نۆیه‌م، هێز و وزەی خۆمان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکدا سەرف بکەن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (24ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ‎دوای کۆبوونەوەی ئاسایی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پشتگیری خۆیان لە هەوڵەکان بۆ رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنچینەی دەستووری عێراق دووپاتكرده‌وه.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كردووه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسی، پرسی خاک، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، پرسی پێشمەرگە، دارایی و وزە.

له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هاتووه‌، "پێویستە حیزبە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیه‌م، هێز و وزەی خۆیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکدا سەرف بکەن، نەک خەڵک بە کێشە حیزبیەکانی خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن".

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاووڵاتییان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواست و داواكارییه‌كانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دوور له‌ كاریگه‌ری ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان دووپاتكراوه‌ته‌وه‌.