"هێرشكارەکەی پاریس گواسترایهوه سەنتەرێکی چارەسەری دەروونی"

K24 - هەولێر:
داواکاری گشتی پاریس بریاریدا هێرشكارەکەی سەر سەنتەری کولتووری ئەحمەد کایا لە پاریس، له گرتووخانهوه بگوازێتهوه بۆ سەنتەرێکی چارەسەری دەروونی.
داواکاری گشتی پاریس لهمبارهیهوه رایگەیاند، ئەو پزیشکەی چارەسەری هێرشكارەکەی کردووە دهڵێت: "دۆخی تەندروستی باش نییە و ناکرێ دەستگیربکرێت، بەوهۆیەوە رێکارەکانی دەستگیرکردنی راگیراون و هێرشكارهكهش گواستراوەتەوە بۆ یەکەیەکی چارەسەری دەروونی".
داواکاری گشتی پاریس ئاماژە بەوەش دەکات، هەرکاتێک دۆخی تەندروستی هێرشكارهكه باش بوو، ئەوکات دەستدەکەن بە رێکارە یاساییەکان و دادگاییکردنی.
دوێنێ هەینی، کەسێکی (تەمەن 69 ساڵ) لە پاریس، بە چەکەوە هێرشیکردە سەر ئارایشتاگەیەک و ناوەندی کولتووری (ئەحمەد کایا) له پاریس، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی کورد کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دواتریش هێرشکارەکە دەستگیرکرا.
جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لەمبارەیەوە رایگەیاندبوو، بەڕوونی دیارە چەکدارەکە کەسانی بیانیی بەئامانج گرتووە.
حكومهتی ههرێمی كوردستانیش راگهیهندراوێكدا رایگهیاندبوو، بە توندی ھێرشی سەر رەوەندی کوردی لە پاریس سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین.