یوتیوبەرێکی بەناوبانگی عەرەب ڤیدیۆیەک لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە
K24 - هەولێر:
جۆی حەتاب، یوتیوبەرێکی بەناوبانگی عەرەبە و لە ڤیدیۆکانیدا هەر جارەو باسی وڵاتێک یان هەرێمێکی جیاواز دەکات، نوێترین ڤیدیۆشی لەسەر هەرێمی کوردستانە و بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکەی بەتایبەتی سەردانی کوردستانی کردووە.
ڤیدیۆی ئەمجارەی جۆی حەتاب لەسەر هەرێمی کوردستانە و وەک روویەکی دیکەی عێراق باسی دەکات، روویەک کە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی تێدایە.
ئەو وەک لە ڤیدیۆکەیدا دەردەکەوێت، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دێتە هەرێمی کوردستان و سەردانی شوێنە ناسراوەکان دەکات.
چەناڵی یوتیوبی جۆی حەتاب نزیکەی 11 ملیۆن سەبسکرایبەری هەیە و ڤیدیۆیکەی کە هێشتا 24 کاتژمێر بەسەر بڵاوکردنەوەیدا نەرۆشتووە. نزیکەی نیو ملیۆن بینەر و 72 هەزار لایکی هەیە.
جۆی لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان خواردنە کوردەوارییەکان تاقیدەکاتەوە و لەگەڵ چەند هاووڵاتییەک لەبارەی کوردستانەوە گفتوگۆ دەکەن.
لە ڤیدیۆکەیدا جگە لە پیشاندانی ناوچە شاخاویی و گەشتیارییەکان، باس لە مێژوو و جوگرافیای کوردستان و دەکات و ئاماژە بەو پێکهاتانەش دەدات، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
جۆی حەتاب لەبەشێکی ڤیدیۆکەیدا، سەردانی چۆمان دەکات و دەیەویت ناوچە شاخاوییەکان بەچاوی خۆی ببینێت، بەڵام لەسەر رێگەکەیان بۆ نانی نیوەڕۆ دەچنە خواردنگەیەک کە لە گوندێکی بچووکی ناوچەکەیە و کەبابی کوردی تاقیدەکەنەوە، ئەو لە باسی کەبابی کوردستاندا دەڵێت "ئەمە باشترین کەبابە کە تا ئێستا خواردبێتم".