بە نەمانی کۆڕۆنا لە چین رێژەی هەڵاوسان لە جیهاندا بەرزدەبێتەوە

سەرهەڵدانەوەی کۆڕۆنا لە چین رێژەی هەڵاوسانی سنووردار کردبوو

K24 - هه‌ولێر:

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لە چین لەمساڵدا بەشداربووە لە سنووردارکردنی رێژەی هەڵاوسان لە سەرانسەری جیهاندا بەڵام دووبارە هەستانەوەی چین و رزگاربووونی لە پەتای کۆڕۆنا هاوکێشەکە پێێچەوانە دەکاتەوە.

لەگەڵ دووبارە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لەچین حکومەت سیاسەتی سفر کۆڤیدی پەیڕەو کرد ئەمەش واتە کەرەنتینە و داخستنی بازاڕەکان و بەشێکی زۆری کارگەکان، ئەمەش رێژەی بەرهەمهێنانی کەمکردەوە، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، کڕینی نەوتی چین لەمساڵدا کەمترین ئاستی هەبووە لەدوای ساڵی 1990ەوە، هەروەها هاوردەکردنی چین لە کۆریای باشوورەوە کە پێنجەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی وڵاتەکەیە، لە مانگی تشرینی دووەمدا زیاتر لە 25% دابەزیوە، کە خێراترین دابەزینە لە ساڵی 2009ەوە.

بەڵام کردنەوەی ئابوری چین و کۆتایی کەرەنتینە لە وڵاتەدا رەنگە گۆڕانکاری لە کارتەکاندا بکات، بەجۆرێک رەنگە ببێتە هۆی بوومەلەرزەیەک کاردانەوەکانی لە سەرانسەری جیهاندا دەنگ دەداتەوە، چونکە ئابووری ناوخۆی چین دەبوژێتەوە و، خوێندکاران دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات و گەشتیارانیش بۆ گەشتکردن، کارگێڕانیش دەست دەکەنەوە بە گەڕانی بازرگانییان. لەگەڵ ئەمانەدا بازاڕی خانووبەرەی چین دەست دەکات بە بەرزبوونەوە، ئەمەش خەرجییەکانی بەکاربەران زیاد دەکات.

بوژانەوەی چین دەبێتە هۆی زیادبوونی هاوردەکردنی نەوت و کاڵا و کەرەستەی خاو، هەروەها خواست لەسەر کورسی هێڵی ئاسمانی و ژووری هۆتێل و خانووبەرە لە دەرەوەی وڵات زیاد دەکات. ئایریس پانگ، سەرۆکی ئابووری لە کۆمپانیای ING Group دەڵێت: "گومانی تێدا نییە هەڵاوسانی جیهانی بەرز دەبێتەوە ئەگەر چین دووبارە بکرێتەوە، گەشتە جیهانییەکان زیاد دەکات، فرۆشتن زیاد دەکات، بەرهەمهێنان زیاد دەکات."

ئاژانسی بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس پێی وایە کردنەوەی چین دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە سەرانسەری جیهان و ڕەنگە فشارەکان لەسەر زنجیرەکانی دابینکردن زیاد بکات، ئەمەش فشار لەسەر نرخی زۆرێک لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات. ئاژانسەکە پیشبینی دەکات ئەگەر ئابووری چین تا ناوەڕاستی ساڵی 2023 بە تەواوی بکرێتەوە ئەوا نرخی وزە بە ڕێژەی 20% بەرزدەبێتەوە، هەروەها پێوەرەکانی نرخی بەکاربەری ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا بەرزدەبێتەوە بۆ 5.7%