فڕۆکەخانەی بەغدا گەشتەکانی راگرت

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، وێنە: AFP
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

بەهۆی تەمومژەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا سەرجەم گەشتەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی راگرت.

بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (26ـی کانوونی یەکەمی 2022)، بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە بەشێوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتەکانیان راگرت.

لە بەیاننامەیەکدا، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ سەرجەم سەرنشینان و هێڵە ئاسمانییەکان کە لە فڕۆکەخانەکەدا کاردەکەن ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ کەمتر لە 400 مەتر گەشتەکان راگیراون.

لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە، بەغدای پایتەختی عێراق شەپۆلێکی چڕی تەمومژی بەخۆیەوە بینیووە و بەپێی خەمڵاندنەکانی کەشناسیەکان، ئاستی بینین بۆ کەمتر لە 500 مەتر دابەزیووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆش داوا لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێل و خاوەن هێڵەکانی گواستنەوە بۆ خوێندکاران و فەرمانبەران دەکات، "خێرایی زۆر لە شۆفێریدا بەکارنەهێنن و لەکاتی لێخوڕیندا زۆر وریا بن".