نزیکەی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی عێراقی بێسەروشوێنن

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق

K24 – هەولێر

پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق پرسێکە و بەردەوام باس لە مەترسی و هەڵکشانی ئامارەکانی دەکرێت وەک لایەنی پەیوەندیدار باسی لێدەکەن، نزیکەی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی عێراقی بێسەروشوێنن. 

وەزارەتی دادی عێراق پلانێک رادەگەیەنێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی عێراقی دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستە لەنێو گرتووخانەکانەوە دەستی بە جێبەجێکردنی پلانەکە کردووە بۆ ئەوەی ژیانی زیندانیان لە ئەشکەنجەدان و برسیکردن بپارێزن.

هەر تاکێکی عێراقی بدوێنی، خۆی بە مافخوراو و غەدرلێکراو دەزانێت. عێراقییەکان پێیانوایە حکومەت سەرەتاییترین مافەکانیشیان دابینناکات و تەنانەت دەچەوسێندرێنەوە. هەر بۆیە ماوەی ساڵێکە پلانێک جێبەجێدەکرێت بۆ ئەوەی پرسی مافی مرۆڤ بە نشتیمانی بکرێت و رێگاچارەی پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە. ئێستا وەزارەتی دادی دەستی بە جێبەجێکردنی ئەو پلانەکردووە.

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی پێشێلکردنی مافی زیندانیان بە کارە لەپێشینەکانی وەزارەتەکەی دەزانێت.

وەزیری داد بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لەناو رای گشتیدا بە شێوەیەکی فراوان باس لە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی زیندانیان دەکرێت، بێگومان ئەو دۆسیەیە لە کارە لەپێشینەکانی ئێمە و سەرۆکوەزیرانە".

لەلایەکی دیکەوە، باس لە بێسەروشوێنبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی لە سەردەمانی رژیمی بەعس و حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی دوای رووخانی رژێمی بەعس دەکرێت.

ئێستا رێکخراوێکی مەدەنی، لە چوارچێوەی پلانی تۆکمەکردنی مافەکانی مرۆڤ کار بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان دەکات.

هۆگر چەتو، سەرۆکی رێکخراوی ئۆپا لەوبارەیەوە بە کوردستان٢٤ دەڵێت: هەرچەند هەندێ لایەن باس لە بێسەروشوێنبوونی ملیۆنێک هاووڵاتی عێراقی دەکەن، بەڵام هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆکن نزیکەی ٢٥٠ هەزار بێسەروشوێنمان لە عێراق هەیە و ئەوەش ژمارەیەکی زۆر گەورەیە.

لیژنەکانی مافی مرۆڤ لە ناو تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت ، کۆکن لە سەر ئەوەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق پێشێل دەکرێت ، بۆیە هەوڵی ئەوە دەدەن بەهاوبەشی ڕیگاچارەی پاراستنی مافەکان بگرنە بەر .