چیک دەیەوێت گەشتیار بۆ پارێزگای دهۆک بنێرێت

K24 – هەولێر

پارێزگای دهۆک هەوڵی راکێشانی گەشتیاری ئەوروپی دەدات و هەر لەو ئاراستەیەشدا کنسوڵی چیک لە هەریمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەری گەشتیاریی پارێزگای دهۆک باسی لەو پرسە کردووە.

پارێزگای دهۆک دەوڵەمەندترین پارێزگای کوردستان و عێراقە لە رووی زۆریی ژمارەی شوێنی گەشتیاری و ١٥ هەزار سەرینی خەوتن بۆ گەشتیاران لەو پارێزگایە دابینکراوە.

تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دوو ملیۆن و ٤٣٠ هەزار گەشتیار بۆ سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک گەشتیان کردووە.

خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، پێیوایە بەتەواوبوونی چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاریی نوێ، گەشتیاری زیاتر و لەوانە گەشتیاری ئەوروپی سەردانی پارێزگای دهۆک دەکەن.

ئەو بە کورستان٢٤ـی راگەیاند، " کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار داوە. لە ساڵی داهاتوودا، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی گەشتیاریی چیای زاوا دەستپێدەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی راکێشانی گەشتیاری زیاتر. زۆر وڵات دەیانەوێ گەشتیار بێننە پارێزگای دهۆک و لە ماوەی رابردوودا کونسوڵی چیک سەردانی کردین و باسی لەو خواستە کرد".

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆک، ئەمساڵ ٨١ شوێنی گەشتیاری نوێ لەو پارێزگایە کراونەتەوە. ئێستا ئەو پارێزگایە نزیکەی ٩٠٠ شوێنی گەشتیاری و ٢٥٠ سەیرانگە و شوێنی سروشتی لێیە.