به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی زه‌نگێكی مه‌ترسیدار لێده‌دات
K24- هه‌ولێر:
به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی زه‌نگێكی مه‌ترسیدار لێده‌دات و نیگه‌رانی و راڕایی هاووڵاتییانیشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، بووه‌ته ده‌روازه‌یه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌و ناسه‌قامگیریه‌ی بازاڕی دراوی ناوخۆیی بۆ ئه‌مه‌ریكا درێژبكه‌ن.
حه‌یده‌ر لامی، سه‌ركرده له ده‌وڵه‌تی یاسا گوتی: "ئەمه‌ریکا چوار بانکی ئەهلی عێراقیی له‌سه‌ر بنه‌مای گومان سزاداوه و هۆشداریی داوه‌ته 30 بانکی دیکەش، به‌وه‌ی كه ئەو بانکانە پارە بە قاچاخ ده‌به‌نه ده‌ره‌وه و كاری سپیكردنه‌وه‌ی دراو ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئەمەریکا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەو چوار بانکە ئەهلییە عێراقییە نییە، کە سزای به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووه و بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، لە کاتێکدا واشنتۆن رایگه‌یاندووه، بڕیاری قەدەغەکردنی ئه‌و بانكانه لەسەر بنەمای "گومان" بووه.
ئه‌حمه‌د مووسه‌وی، په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سادیقونی سه‌ر به قه‌یس خه‌زعه‌لی له تویتێكدا نووسیویه‌تی: چیتر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار ته‌نها پرسێكی ئابووری نییه، به‌ڵكو بووه‌ته تاوانێك ده‌رهه‌ق به هه‌ژاران و پرۆسه‌یه‌كی جینۆسایدی ئه‌مه‌ریكا و باڵه‌كانیه‌تی له عێراق، له رێگه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی خستنه‌بازاڕی دۆلار وه‌ك سزایه‌ك، چونكه هه‌ڵبژاردنی حكومه‌ت به خواستێكی عێراقی بووه، هه‌مان ئه‌و حكومه‌ته‌یه كه چاوڕێ ده‌كه‌ین هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی بوێرانه نیشانبدات و سزای ده‌ستدرێژكاران بدات و به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ی ده‌رهه‌ق به گه‌ل ده‌كرێت، بێده‌نگ نابێت.
حه‌سه‌ن سالم، په‌رله‌مانتاری پێشووی هه‌مان كوتله له تویتێكدا په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئه‌مه‌ریكا درێژده‌كات و نووسیویه‌تی: ئەمه‌ریکا په‌یڕه‌وی گەمارۆی دارایی بۆ سەر عێراق دەکات کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار به‌مه‌به‌ستی لاوازكردنی عێراق لە ڕووی ئابووری و گەشەپێدانەوە، بۆ ئه‌وه‌ی لە هەژاریدا بمێنێته‌وه و گه‌شه‌سه‌ندن به‌خۆیه‌وه نه‌بینێت و ملکەچی دیکتاتۆری ئەمه‌ریکا بێت.
عالیه نوسه‌یف، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاساش له تویتێكدا روو له محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌ڵێت: جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران، به زمانی كه‌سێكی هه‌ژار قسه ده‌كه‌م، پێویسته بێیته سه‌ر خه‌ت و رێگری له داڕووخانی نرخی دینار به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بكه‌یت.. خه‌ریكه شه‌قام ده‌كوڵێت.. به‌رامبه‌ر هه‌ژاران دادپه‌روه‌ر بن و چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه.
سعود ساعدی، سه‌رۆكی كوتله‌ی حقوقیش له په‌رله‌مانی عێراق له تویتێكدا داوای له محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد، دانیشتنێكی به‌په‌له بۆ تاوتوێكردنی هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار ئه‌نجامبدات، دواتریش رێكاری به‌په‌له له‌وباره‌یه‌وه بگیرێنه‌به‌ر.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه نه‌بیل جه‌بار ته‌میمی، پسپۆڕی بواری دارایی و ئابووری ده‌ڵێت: دۆخه‌كه جێگه‌ی نیگه‌رانیه و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه، بانكی ناوه‌ندی ئاستی خستنه‌ڕووی دراوی رۆژانه بۆ كه‌متر له 180 ملیۆن دۆلاری رۆژانه دابه‌زێنێت، كه هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بوو نرخی دۆلاری به‌رامبه‌ر به دراوی عێراقیی به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی به‌رزكرده‌وه.
ته‌میمی جه‌خت ده‌كاته‌وه، بڕێكی زۆری دۆلار له عێراقه‌وه بۆ وڵاتانی دراوسێ به‌قاچاغ ده‌برێت، بۆیه پێویسته لایه‌نه ئه‌منییه‌كان ئه‌ركی رێگریكردن له‌و دیارده‌یه له ئه‌ستۆبگرن و بۆ به‌لاوه‌نانی ئه‌و مه‌ترسییه، پێویسته عێراق دانوستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بكات، تاكو ده‌رفه‌تێكی فراوانتر به حه‌واڵه‌كردن بدرێت.
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق زۆربه‌ی تویته‌كانی پێشووی بۆ داواكردنی دابه‌زاندنی نرخی دراو سڕیوه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا خه‌ریكه سه‌د دۆلاری ئه‌مه‌ریكی سنووریی 158 هه‌زار دیناری عێراقی تێده‌په‌ڕێنێت.
H.B