هه‌وڵده‌درێت دوو كۆبوونه‌وه له‌باره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ئه‌نجامبدرێن

K24 - هه‌ولێر:
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی لـه‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری داهاتوودا له‌باره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلاری ئه‌مه‌ریكی كۆده‌بێته‌وه. هه‌وڵێكیش هه‌یه، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌یه‌وه ئه‌نجامبدرێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری داهاتوودا چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به به‌شداری محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی كۆده‌بێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌نێو په‌رله‌مانی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، تا ئێستا 83 واژوو له‌لایه‌ن فراكسیۆنه جیاوازه‌كانه‌وه كۆكراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنێكی "نائاسایی"ـی په‌رله‌مان بۆ تاوتوێكردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی.
ئه‌مه له كاتێكدایه، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به‌های دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه و ئه‌مڕۆ 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی 159 هه‌زار دیناری عێراقی تێپه‌ڕاندووه و چاوه‌ڕێده‌كرێت زیاتر به‌رزببێته‌وه.