ئەمەریکا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار هەبووە

K24 – هەولێر

جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ چاودێریکردنی چۆنییەنی مامەڵەکردن بە دۆلار، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمەریکییە بەرامبەر بە دیناری عێراقی.

رۆژی سێشەممە (27ـی کانوونی یەکەم) نرخی دۆلارێکی ئەمەریکی لە بازاڕەکانی عێراق، بۆ نزیكه‌ی 160 هه‌زار دینار بەرزبوویەوە. بەرزبوونەوەی رۆژانەی نرخی دۆلار، کاریگەری تەواوی لەسەر بازاڕی عێراق داناوە و خەڵک بەردەوام لە هۆکاری گرانبوونی دۆلار دەپرسن.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پەنجە لەسەر هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دادەنێت و پێیوایە ئەمە بەهۆی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکایە بە مەبەستی چاودێریکردنی چۆنییەنی مامەڵەکردن بە دۆلار لە عێراقدا.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر یەک لەسەر سێی خاکێ عێراقدا گرت، عێراق و ئەمەریکا لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکیان ئیمزا کرد کە مەبەست لێی، رێگریکردن لە گەیشتنی دۆلار بە داعش و گرووپە توندڕەوەکان و هەندێ وڵات بوو. وەک نەجیبە نەجیب دەڵێت، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەو رێککەوتنە بەلاوازی جێبەجێدەکرا، بەڵام ئێستا هەر دوولا لەبارەی جێبەجێکردنییەوە رژدن.

ئەو، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دوای ئاشکرابوونی دزینی سێ تا حەفت ملیار دۆلار لە عێراق، ئەمجارە حکومەتەکانی ئەمەریکا و عێراق زۆر بەوردی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەیان جێبەجێکرد بۆ ئەوەی لە رێگەی سپیکردنەی پارەوە، دۆلار بە هەندی وڵات نەگات".

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا چەند بانکێکی عێراقی بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و مامەڵە لە دەرەوەی رێککەوتنی ئەمەریکا و عێراقی خستووەتە نێو لیستی رەش، هەر بۆیە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا رێژەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە کەمبووەتەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی عێراق لەرێگەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنییەوە چاودێردی چۆنییەتی مامەڵەکردن بە دۆلار لە عێراق دەکەن و ئەم پڕۆسەیە دە تا 15 رۆژ دەخایەنێت و ئەمەش لەلای خۆیەوە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێ.