گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە

"ساڵی پاریش هەر لەو کاتەدا 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار بوو، بەڵام دواتر دابەزی"

K24 – هەولێر

گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ لێدوانی هەندێ لە شرۆڤەکاران و خواستی خەڵک بۆ کڕینی دۆلار، دەگەڕێنێتەوە.

ئەمرۆ (سێشەممە، 27ـی کانوونی یەکەم) جەبار گۆران، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "لێدوانی هەندێ کەس بەناوی شرۆڤەکاری بازاڕ، وایکردووە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەردەوام بەرزببێتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خواستی خەڵک بۆ کڕینی دۆلار زیاتربێت و دواجار بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلاری لێکەوتووەتەوە."

ئەو زیاتر گوتی: ئەم خواستەی ئێستا لەسەر دۆلاری ئەمەریکی هەیە، خواستێکی ناسرووشتیە. لە دوای 20ـی ئەم مانگە، زۆربەی بانکەکانی دەرەوەی عێراق کاری گواستنەوە و حەواڵەکردنیان بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵ راگرتووە و بۆیە ئەگەر بازرگانێک بیەوێ دۆلار بۆ بانکەکانی دەرەوە بنێرێت، ناتوانن ئەو کارە بکەن. ئەم خواستەی ئێستا، هەمووی بە هۆی پێشبینی و خواستی خەڵکە کە سەرچاوەی لە لێدوانی کۆمەڵە کەسانێکەوە وەرگرتووە و وایکردوووە متمانەی خەڵک بە دینار کەمبێتەوە.

جەبار گۆران، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە کاریگەری ناردنی نایاسایی دۆلار بۆ وڵاتانی دیکە و کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەڵێت: ئێستا سەرنج و تێبینی لەسەر کۆمەڵێک بانک هەیە، دۆلاریان لە بەرژەوەندی بازاڕەکانی دەرەوەی عێراق بەکارهێناوە. ئێستا کار لەسەر پلاتفۆڕمێک دەکرێت و لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی عێراقەوە کۆی پڕۆسەی خستنەڕووی دۆلار چاودێری دەکرێت، بانکی ناوەندی دۆلار بە هەر بانکێک بدات، دەبێ بزانێ ئەو دۆلارە بۆچی بەکارهاتووە.

جەبار گۆران، پێیوایە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، "کاتییە و دەبێ چاوەڕوانی دوای سەری ساڵ بین. ساڵی پاریش هەر لەو کاتەدا 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار بوو، بەڵام دواتر دابەزی."