بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار سوودانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەوە

K24 – هەولێر

بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبووەوە.

بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 27ی کانوونی یەکەمی 2022، محەممەد سوودانی و مسته فا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کۆبوونەتەوە و سوودانی داوای لە بانکی ناوەندی کردووە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری گشتی لە بەهای ئاڵوگۆڕی دراو، رێکارەکان بگرنەبەر و چاودێری بانکەکان بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە، پێویستە بانکەکە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەشێوەی نایاسایی، کە زیان بە بازاڕی ناوخۆیی دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، قەیرانی دراوی بیانی بەرامبەر بە دیناری عێراقی کاتییە و هۆکارێکی تەکنیکییە و هاوکاتە لەگەڵ کارکردنی پلاتفۆرمی نوێی ئۆنلاین و دواخستنی گواستنەوەی بە بۆنەی پشووی کریسمسەوە.

هاوکات دەستەی بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داوا لە بانکەکان دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئاسانکاری و خێراکردنی رێکارەکان بۆ کڕیارەکانیان لە ئەستۆ بگرن، بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنیان بە داراییکانیان بە باشترین پراکتیزە بانکیەکان و بە کەمترین بڕی لوپ، بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە یاساییە دامەزراوەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " داوا لە بارزگانەکان دەکەین تەنیا لەرێگەی بانکەکانەوە مامەڵە داراییەکانیان رایی بکەن و پەنا بۆ دەڵاڵەکان نەبەن، بۆئەوەی لەکاتی مامەڵەکانیاندا خەرجی زیادە نەدەن".