ئاگره‌كه‌ی رێگه‌ی گوێڕ كۆنترۆڵكرا

K24 - هه‌ولێر:
به‌رگری شارستانی هه‌ولێر كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ی رێگه‌ی هه‌ولێر - گوێڕی راگه‌یاند.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (27ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئاگر له نۆ تانكی گه‌وره بۆ كۆگاكردنی گازوایل له نزیك گوندی ته‌رجانی رێگه‌ی نێوان هه‌ولێر - گوێر كه‌وته‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی هه‌ولێر له لێدوانێكدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاند كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ی له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی هه‌ولێره‌وه راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رچه‌نده له رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه، به‌ڵام دوو كارمه‌ندی به‌رگری شارستانی له‌كاتی هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه دۆخی ته‌ندروستییان تێكچووه و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون.
قایمقامی هه‌ولێرروونیكرده‌وه، له‌و رووداوه‌دا نۆ كۆگای گازوایل سووتاوه و پێشتر ئه‌و ناوچه‌یه وه‌ك پاڵاوگه به‌ركارهاتووه به‌لام به‌هۆی بڕیاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاركردن 116 پاڵاوگه‌ی سه‌ره‌تایی له سنووری پارێزگای هه‌ولێر راگیراوه.
هه‌روه‌ها نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، له ئێستادا به‌هۆی بوونی هه‌ردوو پاڵاوگه‌ی كار و لاناز، بۆ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ له جۆره‌كانی سووته‌مه‌نی پێویستییان به‌و پاڵاوگه سه‌ره‌تاییه نه‌ماوه و له رێكاره‌كانی خۆشیان به‌رده‌وامده‌بن پاڵپشت به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر پاڵاوگه‌ی سه‌ره‌تایی لێدامه‌زراوه، ره‌گه‌زی زه‌وییه‌كانیان بۆ كشتوكاڵی بگه‌ڕێته‌وه.
له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا، سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر به كوردستان24ـی راگه‌یاند، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی گه‌یشتوونه‌ته شوێنی رووداوه‌كه و حه‌وت ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه سه‌رقاڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ن.
شایه‌تحاڵه‌كانی نزیك ئاگره‌كه به په‌یامنێری كوردستان24ـیان راگه‌یاند، ئاگره‌كه كاتژمێر 4:30ـی ئێواره كه‌وتووه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆی ته‌قینی چه‌ند تانكێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتنی سووته‌مه‌نی و له ئه‌نجامدا رێژه‌یه‌كی زۆر له سووته‌مه‌نی رژاوه و تا زیاتر له 100 مه‌تر له ده‌ورووبه‌ری ئاگره‌كه بڵاوبووه‌ته‌وه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه دروستكردووه.