گۆڕان داوایەکی یەکێتی رەتدەکاتەوە

دەنگۆى یەکگرتنەوەى یەکێتى و گۆڕان بڵاودەبێتەوە

K24 - سلێمانی

جارێکى دیکە دەنگۆى یەکگرتنەوەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان بڵاو دەبێتەوە، یەکێتى پێى باشە و گۆڕانیش بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکاتەوە، چونکە پێیانوایە لە رابردوودا یەکێتى بەرامبەر بە گۆڕان نیازپاکى نیشان نەداوە.

جگە لە سیاسییەکان، بەشێک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی سلێمانی بە باشی دەزانن یەکێتی و گۆڕان یەکبگرنەوە، بەشێکی دیکەشیان پێچەوانەی ئەو بۆچوونەن. هاووڵاتییەک بەناوی زانیار جەلال دەڵێت: "گۆڕان سەرکردەیەکى واى نەماوە کە پێشڕەویان بکات، بۆیە باشە بۆ گۆڕان بچێتەوە ناو یەکێتى، سەرکردەکانى دیکەشیان کەس نازانێت چى دەکەن".

گۆڕانەکان پێانوایە دونیا بینىنی ئەوان و یەکێتى زۆر جیاوازە ئیدى چۆن بتوانن یەک بگرنەوە، بۆیە ئامادەى هیچ جۆرە کارێکی وا نین، بەڵام یەکێتى ئەوە بە کارێکى زۆر باش دەزانێت.

لەوبارە مستەفا چاوڕەش، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى بە کوردستان24ی گوت: "هەر تەباییەک هەر رێککەوتنێک لەگەڵ هەر لایەنێکدا بێت، کە شتى هاوبەشی تێدابێت و بتوانێت پێکەوە بژین شتێکى خراپ نییە و یەکڕیزى خەڵکى کوردستان خراپ نییە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوان و گۆڕان دەرچووی یەک قوتابخانەن.

لە بەرامبەردا ئەنوەر کەریم، ئەندامى ژوورى توێژینەوەى بزووتنەوەى گۆڕان دەڵێت: "لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا یەکێتى چەند رێککەوتنێکی لەگەڵ گۆڕان کردووە و جێبەجێى نەکردووە، کەواتە یەکێتى قەت نیەتى باشى نەبووە بەرامبەر بە گۆڕان".

باسی دۆخی ئێستای یەکێتی کرد و گوتی: "ئێستا ئەو پێشێلکارییەى لە جێبەجێکردنى و بەڕێوەبەردنى ئیدارەى حزبى و راگەیاندنی حزبى و ئابوورى حزبى ئەمانە هەیە خراپتر بووە لە دواى ساڵى 2009، لەبەر ئەوە هیچ هەنگاوێکى باش نەنراوە، بۆ ئەوەى لە گەڵیاندا رێکبکەوین".

یەکێتى نیشتمانى کوردستان خواستى بۆ یەکگرتنەوەى لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، بەڵام جارێ بەرپرسانى گۆڕان خەیاڵیان لاى بەستنى دووەمین کۆنفرانسى نیشتیمانییە، بەپێى زانیارییەکانى کوردستان24 گۆڕان ئەمجارەش ئەو پێشنیازەى یەکێتیان رەکردووەتەوە.