بکوژی ئەو هاووڵاتییە دەستگیرکرا کە لە قەڵادزێ کوژرا

K24 – رانیە

پۆلیسی راپەڕینی بکوژی ئەو هاووڵاتییەی دەستگیرکرد کە دوێنێ تەرمەکەی بە کوژراوی لە قەڵادزێ دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28/12/2022، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا، دەستگیرکردنی بکوژی ئەو هاووڵاتییەی راگەیاند، کە دوێنێ تەرمەکەی لە قەڵادزێ دۆزرایەوە.

لە راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین هاتووە: "دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری تواندرا بکوژ بدۆزرێتەوە، دوای دەستنیشان کردنی شوێنی بکوژ، هێزێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە و بە هاوکاری ئەفسەر و کارمەندانی و  پۆلیسی فریاکەوتنی قەڵادزێ و بنکەی پۆلیسی قەڵادزێ و مکافحەی قەڵادزێ تۆمەتباری بکوژ لەناو شاری رانیە دەستگیر کرا".

دوێنێ چوارشەممە تەرمێک لە قەڵادزێ لە نزیک شەقامی 60 مەتری دۆزرایەوە، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاندبوو، ئەو هاووڵاتییە ناوی ( ئـ . ر .ٲ )ـە رەگەزی نێر، لەدایکبووی ساڵی 1973، کوژراوە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و توێکاری بۆ تەرمەکەی دەرکەوت شوێنەواری 5 فیشەکی چەکی جۆری کڵاشینکۆف بەسەر جەستەیەوە هەیە.