ئەڵمانیا: هیچ هۆکارێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا نییە

K24 – هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی هیچ هۆکاریک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نابینێت و زیاتر چاویان لەسەر خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتەیە.
کریستۆفێر بێرگێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ئەڵمانیا بە پلەی یەکەم چاوی لە پشتگیریی خۆپێشاندانەکانی ئێرانە نەک دەستپێکردنەوەی خێرای دانوستانەکان".
ئەو، هەروەها گوتی: ئێستا چاومان لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نییە، بەڵکو لەسەر ئەو خەڵکەیە کە بۆ ژیان و ئازادی رابوونە و بۆ وەستاندنی نادادپەروەری بەرامبەر بەو خەڵكە، لە رێگەی گەمارۆدانی نوێوە، گوشارەکان بۆ سەر تاران زیاد دەکەین.
ئەو قسانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هاوکاتە لەگەڵ سەردانی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بۆ عومان و خستنەبەرباسی "هەوڵی نوێ"ـی عومان بۆ ناوەندگیری و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا، رایانگەیاندووە کە ئەوان و ئێران چەند مانگ لەمەوپێش لە رێککەوتنی ئەتومی "زۆر نزیک" بوون، بەڵام تاران بەهۆی خستنەڕووی لەناکاوی کۆمەڵێک پێشمەرجی "قبووڵنەکراو"، شکستی بەو پڕۆسەیە هێنا.