لە سلێمانی یەک وەبەرهێنەر ئامادەبووە یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان دروستبکات

" شارەوانی سلێمانی بە وەهیمی دوو پارچە زەوی دابینکردووە"
دیمه‌نێكی شاری سلێمانی
دیمه‌نێكی شاری سلێمانی

K24 - سلێمانی

کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان رایگەیاند، لە سلێمانی تەنیا یەک وەبەرهێنەر ئامادەبووە ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە دروستبکات کە حکومەتی هەرێم بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان بڕیاری لێداوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2022، بەرهەم قەرەداغی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد" جێگەی داخە لەو هەموو وەبەرهێنەرانەی لە سلێمانی هەن تەنیا یەکیان ئامادەبووە ئەو 5 هەزار و 200 یەکەی نیشتەجێبوونانە درووستبکات، کە بەر پارێزگای سلێمانی کەوتوون."

ئاماژەی بەوەشکرد، شارەوانی سلێمانی نەیتوانیووە زەوییەکی شیاو بۆ  دروستکردنی ئەو یەکانە دابین بکات، لە جیاتی ئەوە دوو شوێنی بە وەهمی دابینکردووە کە گونجاو نین، یەکیان لە رێی تاسڵوجەیە و ئەوەی دیکەیان لە رێگەی تانجەڕۆیە.

سەبارەی بە بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانوو، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان گوتی: "نرخی کرێی خانوو زیادکردووە، چونکە حکومەت بڕیاریداوە هەر کەسێک بیەوێت خانوویەک بداتە کرێ پێویستە سەرەتا ئەستۆپاکی بکات و کرێی ئاو و کارەبا بدات".

بە گوتەی بەرهەم قەرەداغی، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی کرێی خانوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاوارەیەکی زۆری عەرەب رووی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەیان ملیۆنێک و 32 هەزار کەسە.

لە سەرەتاى مانگى شه‌شی ئەمساڵ، له‌پێناو چارەسەرکردنی گرفتى نیشتەجێبوون و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیانی کرێنشین و هەژار و كه‌مده‌رامه‌تان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان.