حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: پتر له 43 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەشکراوه

K24 – هەولێر:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایده‌كات، تاکو 27ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بڕی 43 ملیۆن و 159 هەزار 600 لیتر نەوتی سپی ماڵانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، دابەشکردووە.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاکو ئێستا 215 هەزار و 789 خێزان، لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەندبوونه و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، 12 ملیۆن 813 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و 64 هەزار و 66 خێزان سوودمەندبوونه.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، 11 ملیۆن و 517 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و 57 هەزار و 588 خێزان سوودمەندبوونه.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و 94 هەزار و 144 خێزان سوودمەندبوونه.
هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، بڕی 70 ملیار دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخانکراوه و بەشێوەی تەندەر 320 هەزار بەرمیلی بە نرخی 284 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابینکراوه.
هەروەها پاڵپشتیی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک دەگاتە 65% و هاووڵاتییان تەنیا لە 35% نرخەکەی دەدەن.