ئیتاڵیا رێکاری نوێ دژی کۆچی نایاسایی دەگرێتەبەر

.
.

K24 - هەولێر

حکومەتی ئیتاڵیا بڕیارێکی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی دەرکرد و سزاکەشی دیارکرد.

بەپێی بڕیارەکە، کەشتییەکانی رزگارکردنی کۆچبەران دەبێت راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی رزگارکردن، دەسەڵاتداران ئاگادار بکەنەوە و لەناو ئاوەکاندا چاوەڕێی رزگارکردنی کۆچبەرانی دیکە نەکەن، بەڵکو دەستبەجێ بگەڕێنەوە و لەنگەر بگرن.

ئاماژە بەوەش کراوە کاپتنی هەر کەشتییەک سەرپێچی بڕیارەکە بکات، پێبژاردنی بە بڕی 50 هەزار یۆرۆ پێدەکرێت، هاوکات ھەر بەپێی بڕیارەکە حکومەت مافی ئەوەی هەیە لەکاتی دووبارە بوونەوەی پێشێلکارییەکە دەست بەسەر کەشتییەکەدا بگرێت.

ئه‌وه‌ش لە كاتێكدایە لە ئێستادا کەشتییەکانی خێرخوازیی رزگارکردنی کۆچبەران چەندین رۆژ بە بەردەوامی لەناو دەریادا دەمێننەوە و کاتێک دەگەڕێنەوە بە سەدان کۆچبەر لەگەڵ خۆیان دەهێننەوە.