200 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەڵەبجە هەناردە دەکرێت

.
.

K24 – هەڵەبجە

رەزامەندی دراوە 200 تۆن دۆشاوی تەماتەی کارگەی شارەزوو لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەناردە بکرێت، تائێستا 120 تۆنی هەناردەی چەند وڵاتێک کراوە و چەندین وڵاتی دیکەش داوایان کردووە.

دوایین باری دۆشاوی تەماتەی شارەزوور کە 14 تۆنە رەوانەی وڵاتی سوید کرا، بەهۆی باشی بەرهەمەکە و کوالیتیەکەیەوە چەندین وڵاتی دیکە داوایان کردووە، دۆشاوی شارەزووریان بۆ بنێردرێت.

جاسم تەوێڵەیی، خاوەنی کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور بە کوردستان24ی گوت: "دۆشاوی تەماتەی ئێمە لە پشکنیندا کوالێتی زۆر بەرز بوو، بۆیە دەستمان کرد بە هەناردەکردنی، یەکەم باری دۆشاوی تەماتەمان بۆ بەریتانیا نارد، دواتر بۆ بەلجیکا و هۆڵەندا، ئێستاش بارێکی دیکە بۆ وڵاتی سوید هەناردە دەکەین".

گوتیشی: "لە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی رەزامەندیمان وەرگرتووە 200 تۆن دۆشاوی تەماتە هەناردە بکەین، تائێستا 120 تۆنمان ناردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی جووتیارانی کوردستان و رەخساندنی هەلی کار.

ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارئاسانی تەواو بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکات، تاوەکو جووتیاران و بازرگانەکان بتوانن بەرهەمەکانی ناوخۆ بگەیەنن بە وڵاتانی جیهان.