له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی 1700 رۆژنامه‌نووس كوژراون

K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ‌سنوور ئاشكرایده‌كات، له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی 1700 رۆژنامه‌نووس كوژراون و زۆرینه‌ی قوربانییه‌كان پیاو بوونه. رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت، زۆرترین رێژه‌ی كوشتنی رۆژنامه‌نووسان له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی رابردوودا له عێراق و سووریا بووه.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی رێكخراوی (په‌یامنێرانی بێ‌سنوور)، له سه‌ره‌تای ساڵی 2003ـه‌وه تا ئێستا، له عێراق و سووریاوه تا رووسیا و مه‌كسیك، نزیكه‌ی 1700 رۆژنامه‌نووس له‌نێو گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ و "ناوچه ئارامه‌كان" كوژراون.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی رێكخراوه‌كه، 95% ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌میانی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه پیاو بوونه و ته‌نها 5%ـیان ئافره‌ت بوونه. رێكخراوه‌كه ده‌شڵێت، ساڵانه نزیكه‌ی 80 رۆژنامه‌نووس به‌هۆكاری جیاواز ده‌كوژرێن.
كریستۆف دیلوار، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی (په‌یامنێرانی بێ‌سنوور) له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، له پشت هه‌ر یه‌كێك له‌و ژمارانه‌ی باسكراون، رووخسارێك، مرۆڤێك و به‌هره‌یه‌ك هه‌بووه كه له پێناو گه‌یاندنی زانیارییه‌كان و به‌دواداچوون و ئاشكراكردنی راستییه‌كان گیانی كردووه‌ته قوربانی.
رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت، به‌هۆی جه‌نگه‌وه، عێراق و سووریا له رێزبه‌ندی یه‌كه‌می مه‌ترسیداترین شوێن بۆ كاركردنی رۆژنامه‌نووسان دێن، چونكه له ساڵی 2003ـه‌وه تا ساڵی 2022، 578 رۆژنامه‌نووس له عێراق و سووریا كوژراون. به‌وه‌ش له پێش هه‌ر یه‌كه له وڵاتانی مه‌كسیك (125 كوژراو)؛ (فلیپین 107 كوژراو)؛ (پاكستان 93 كوژراو)؛ (ئه‌فغانستان، 81 كوژراو) و (سۆماڵ، 78 كوژراو) دێن.
ئانا پۆلیتکۆڤسکایا
تاریكترین ساڵه‌كانی كاركردنی رۆژنامه‌نووسان ساڵه‌كانی 2012 و 2013 بووه، چونكه له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا نزیكه‌ی 286 رۆژنامه‌نووس كوژراون. رێكخراوی (به‌رگریكردن له ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری) به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌یه بۆ به‌شێك له ململانێیه ناوخۆییه‌كانی سووریا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا له مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا، هه‌شت رۆژنامه‌نووس له‌نێو گۆڕه‌پانی جه‌نگدا له ئۆكرانیا كوژراون، به‌وه‌ش دوای رووسیا، كه له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا 25 رۆژنامه‌نووس تێیدا كوژراون، ئۆكرانیا به دووه‌م مه‌ترسیداترین وڵات بۆ كاری رۆژنامه‌نووسی له ئه‌وروپا داده‌نرێت.
به‌گوته‌ی رێكخراوی (په‌یامنێرانی بێ‌سنوور)، له‌وه‌ته‌ی ڤلادیمێر پوتن، له رووسیا ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست، پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نووسان، هێرشكردنه سه‌ر ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و رۆژنامه‌نووسان "كه هه‌ندێك جار قوربانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه" بووه‌ته دیمه‌نێك كه چه‌ندین جار دووباره بووه‌ته‌وه و رێكخراوه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌ركۆنه‌ی هێرش و پێشێلكارییه‌كانی كردووه و به‌تایبه‌ت دوای تیرۆركردنی ئانا پۆلیتکۆڤسکایا له 7ـی تشرینی یه‌كه‌می 2006.
به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوه‌كه، له توركیا نۆ رۆژنامه‌نووس كوژراون و دوای ئه‌ویش فه‌ره‌نسا به هه‌شت كوژراو له رێزبه‌ندی چواره‌م مه‌ترسیداترین وڵات بۆ كاری رۆژنامه‌نووسان له ئه‌وروپا داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش دوای رووداوه‌كانی (شارلی ئیبیدۆ) له ساڵی 2015.
كارتلات و گه‌نده‌ڵی
له‌سه‌ر ئاستی جیهان، رووماڵكردنی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان قوربانی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2011ـه‌وه تا ئێستا، نیوه‌ی ژماره‌ی ئه‌و قوربانییانه‌ی باسكراون له‌نێو عێراق و یه‌مه‌ندا تۆماركراون.
به كه‌مبوونه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان و به له‌به‌رچاوه‌رگرتنی رێكاری خۆپاراستن له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه، ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له ساڵێكدا به‌هۆی جه‌نگه‌وه گیانله‌ده‌ستده‌ن بۆ كه‌متر له 20 كوژراو كه‌مبووه‌ته‌وه.
له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و وڵاتانه‌ی جه‌نگییان تێدا رووناده‌وه، به "ناوچه‌ی ئارام یان ناوچه‌ی ئاشتی" بۆ كاری رۆژنامه‌نووسی دانانرێن، كه‌چی به‌شێكی زۆریان له رێزی پێشه‌وه‌ی مه‌ترسیداترین وڵات بۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ری دێن.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی رێكخراوی (په‌یامنێرانی بێ‌سنوور)، ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌و وڵاتانه‌ی جه‌نگییان تێدا روونه‌داوه كوژراون، زیاتره له ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی به‌هۆی رووماڵكردنی جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كانه‌وه كوژراون. رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت، هۆكاره‌كه بۆ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌كردنی رۆژنامه‌نووسان له "بابه‌ته هه‌ستیاره‌كان" ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌گوته‌ی رێكخراوه‌كه، له ئێستادا كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكا (به‌رازیل، مه‌كسیك، كۆلۆمبیا و هندوراس) به مه‌ترسیدارترین شوێن بۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ری داده‌نرێن، چونكه نیوه‌ی ژماره‌ی قوربانیان له ساڵی 2022 له‌و كیشوه‌ره بووه.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی رێكخراوه‌كه، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا زۆرینه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كوژراون پیاو بوونه و له 1700 كوژراو، ته‌نها 81ـیان ئافره‌ت بوونه به رێژه‌ی 5%. له ساڵی 2017، 10 رۆژنامه‌نووسی ئافره‌ت له‌كاتی به‌جێگه‌یاندنی كاره‌كانیان گیانیان له‌ده‌ستداوه، له‌كاتێكدا له‌و ساڵه 64 رۆژنامه‌نووسی پیاو كوژراون، واتا رێژه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه ئافره‌تانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه 13.5%ـی تێپه‌ڕاندووه.
بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، لە هه‌ر 10 حاڵه‌تی کوشتنی رۆژنامەنووسان نزیكه‌ی نۆ حاڵه‌تییان بێ سزا ماونەتەوە.