حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واده‌ی ته‌وابوونی پردی ده‌ربه‌ندی رانیه‌ راده‌گه‌یه‌نێت

K24 - هه‌وڵێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لە ماوەی شه‌ش بۆ هه‌شت مانگی داهاتوودا پردی دەربەندی رانییە تەواو دەکرێت.

ئه‌مڕۆ هه‌یینی 30ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، فه‌رمانگه‌ی میدیای و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، گرنگترین پرۆژەی ستراتیژیی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین جێبەجێدەكرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە، کە ئیدارەی راپەڕین بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە، دەبێتە درێژترین پردی ناوچەکە و لە ماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا، تەواو دەکرێت.

هیوا عەبدوڵڵا، ئەندازیاری پڕۆژەی دەربەندی رانیە، لەبارەی گرنگیی پڕۆژەکە، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: ''پڕۆژەکە، یەکێکە لە پرۆژە بەردەوام و ستراتیژییەکانی حکومەت لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ئەویش بە خاسیەتی ئەوەی یەکەمجارە کە پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە ناوچەکە جێبەجێدەکرێت.''

سەبارەت بە کارکردن و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، هیوا عەبدوڵڵا، گوتیشی: ''لەدوای وەستانی پرۆژەکە بۆ ماوەیەک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە تەرخانکرد و بەمەش کارکردن لە پرۆژەکە دەستیپێکردەوە، ئەگەر تووشی قەیرانی دارایی نەبینەوە، لەماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا، پرۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت شۆفێران و هاووڵاتییان.''

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، تاوەکو ئێستا 60٪ـی پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە تەواو بووە و کارکردنیش بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە لەکاتی خۆیدا، بەردەوامە.

هیمداد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی پردی دەربەندی رانیە، لەبارەی پێکهاتەی پڕۆژەکەوە گوتی: ''درێژیی پردەکە 408 مەترە و بەرزییەکەشی 21 مەترە. لە دوو ئاراستەی چوون و هاتن پێکهاتووە کە پانیی هەر ئاراستەیەک 5 مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی پایەڵەکانی پردەکە 12 مەتر لەژێر زەوییەوەن.''

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، گوژمەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیە، 13 ملیار و 416 ملیۆن دینارە و پێشتر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەردی بناخەکەی داندراوە.