ئێران مانۆڕێکی سەربازیی دەستپێکرد

K24 - هەولێر

ئێران لە ناوچەی کاسک، کە دەکەوێتە نێوان خۆرهەڵاتی گەرووی هورمز و باکووری زەریای هیندی، مانۆڕێکی سەربازیی دەستپێکردووە.

ئاژانسی تەسنیم، لە زاری یاریدەدەری رێکخەری سوپای ئێران، حەبیبوڵڵا سەییاری بڵاوی کردەوە کە مانۆڕەکە بەرەبەیانی دوێنێ 30/12/2022 بە ناوی "زولفیقار 1401" بە بەشداری یەکە جۆربەجۆرەکانی سوپا دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مانۆڕەکە لە ناوچەی کاسک لە نێوان خۆرهەڵاتی گەرووی هورمز و باکووری زەریای هیندی بەڕێوە دەچێت.

حەبیبوڵڵا سەییاری، گوتیشی: "مانۆڕەکە بەشێکە لەو مەشق و راهێنانە کردارییانەی کە لە رۆژژمێری ساڵانەدا بۆ پەرەپێدانی تواناکانی سوپا پلانی بۆ دانراوە. هاوکات مانۆڕەکە بە بەشداریی فڕۆکەی جەنگی کە تایبەتن بە بۆردومان پاڵپشتی دەکرێت".

ئەو فەرماندە ئێرانییە هەروەها راشیگەیاندووە، ئامانج لەم مانۆڕە باشترکردنی توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانە لە ژینگە تایبەتەکاندا، وەکو ژینگەی پیسبوو بە ماددە کیمیایی و میکرۆبی و ئەتۆمییەکان.

سەییاری هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان مانۆڕی "کۆکردنەوەی زانیاری و ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی دژی هێزەکانی دوژمن" ئەنجام دەدات و هیچ زانیارییەکی لەبارەی وادەی تەواوبوونی مانۆڕەکە ئاشکرا نەکرد.