ئێران.. له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 565 هاووڵاتی له‌سێداره‌ دراون

ئاڵای ئێران
ئاڵای ئێران

K24 - هه‌ولێر:

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران راپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئەم راپۆرتە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 92 هاووڵاتیی ئێران سزای له‌سێدارەیان بۆ دەرچووە و 565 هاووڵاتییش لە سێدارە دراون. بەم شێوەیەش ژمارەی لەسێدارەدانەکان بەراوەرد بە ساڵێکی پێشتر 88٪ زیادی کردووە.

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئیران، ڕاپۆرتی ساڵانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ ساڵی 2022ی بڵاو کردەوە. ڕاپەۆرتەکە پوختەی هەموو ئەو زانیارییانەیە کە ئەم رێکخراوەیە لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە.

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران بۆ ئەم راپۆرتە پشتی بە 13342 راپۆرتی تایبەت بە مافی مرۆڤ بەستووە کە 267 سەرچاوەوە بە دەستی گەیشتووە. 55%ی ئەم سەرچاوانە راستەوخۆ سەر بە  کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ بوون، 13٪یان سەرچاوەکانی نزیک لە حکومەت بوون و 32٪ رێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و لە پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران 205 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە. بە گوێرەی ئەم راپۆرتانە لەم پەیوەندییەدا 225 کەس دەستبەسەرکراون. 12 کەس سزای زیندان، 3 کەس سزای دارایییەن بەسەردا سەپاوە و 68 کەسیش بانگ کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتە ئایینییەکاندا 199 ڕاپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە. بەپێی ئەم راپۆرتانە و لەم پەیوەندییەدا 140 کەس دەستبەسەر کراون. 79 کەس سزای زیندان و 23 کەس سزای داراییان بەسەردا سەپاوە و کەسێکیش بە لێدانی قەمچی سزا دراوە. 10 کەسیش لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کراون.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئازادیی بیرکردنەوە و رادەربڕین 6311 ڕاپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە. بەپێی ئەم راپۆرتانە و لەم پەیوەندییەدا 22655 کەس دەستبەسەر کراون. 711 کەس سزای زیندان و 62 کەس سزای داراییان بەسەردا سەپاوە و 35 کەسیش بە لێدانی قەمچی سزا دراوە. 37 کەسیش لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کراون.

لە پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە پیشەییەکان 2071 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە. بەپێی ئەم راپۆرتانە و لەم پەیوەندییەدا 309 کەس دەستبەسەرکراون. 25 کەس سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە و کەسێکیش بە لێدانی قەمچی سزا دراوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ لەسێدارەدانی هاووڵاتیانیش 457 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە. بەپێی ئەم راپۆرتانە لە ساڵی رابردوودا 92 کەس سزای لەسیدارەدانیان بۆ دەرچووە و 565 کەسیش لە سێدارەدراون کە ئەمە 88٪ زیاتر لە ساڵی پێشووی بووە. لە نێو لە سێدارەدراوانیشدا 11 کەسیان ئافرەت و پێنج کەسیشیان منداڵ بوون.