هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: ئەمساڵ زیاتر لە 600 چەکداری داعش کوژراون

K24 – هەولێر

راشل جیفکۆت، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمساڵیاندا 600 چەکداری داعش کوژراون و 374 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ (شەممە، 31ـی کانوونی یەکەم) گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هاوپەیمانەکانمان لە عێراق و سووریا پابەندی تەواویان بۆ شکستپێهێنانی داعش نیشانداوە و ئۆپەراسیۆنەکانیان زیادکردووە، هاوکات هۆشداریشیدا، "داعش هەر هەلێک دەقۆزێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە جموجۆڵەکانی".

لەلایەکی دیکەوە رۆژی 30ـی کانوونی یەکەم، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم، ئاماری کۆی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق و سووریای لە ماوەی ساڵی 2022ـدا بڵاوکردەوە.

بە گویرەی ئامارەکە، لە ماوەی ئەمساڵدا 313 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی داعش لە سووریا و عێراق ئەنجامدراون. لە کۆی ئەو ژمارەیە، 191 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە عێراق کراوە و لە ئەنجامدا 159 چەکداری داعش دەستگیرکراون و 220 کەسی دیکەش کوژراون.

هەروەها لە کۆی 313 ئۆپەراسیۆنەکە، 108 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و 14 ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوریا ئەنجامدراون کە لە ئەنجامدا 215 ئەندامی داعش دەستگیرکران و 466 ئەندامی دیکەش کوژراون.