رێباز حەملان: ئەگەرێکی زۆرە پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق بۆ لە سەدا 14 بەرزببێتەوە

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پێیوایە هەرێمی کوردستان لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و غازی سروشتی پێدەنێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و "بەئەگەری زۆر"، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق بۆ 14% بەرزدەبێتەوە.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ (شەممە 31ـی کانوونی یەکەم) لەبارەی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، "حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند و پێداگر و بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی کارنامە و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم و ئەگەر ئاڵنگاری و فاکتەری دەرەکی نەبێتە ھۆی دواکەتنیان، ئەوا لە ساڵی نوێ گەشبینم بەوەی لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و غازی سروشتی پێدەنێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر بۆ داھاتوویەکی باشتر و ھەناردەکردنی نەوت بە بەردەوامی".

ئەو، لەبارەی پشکی بوودجە و مووچەی هاونیشتمانیانی کوردستان گوتی: رێککەوتنی ھەرێم و بەغداد ھەنگاوی ئەرێنی و پەرەسەندووی دەبێت، بەتایبەت ئەگەرێکی زۆرە پشکی ھەرێم لە بودجەی 2023ـی عێراق لە 12.67 ٪‏ ببێتە 14٪‏  لەگەڵ چارەسەری دۆسییە ھەڵپەسێردراوەکانی دیکە بە پێی دەستوور. پێدانی مووچەی مووچەخۆران بەردەوام لە کاتی خۆی، دەبێتە هۆی بوژانەوەی باری دارایی و ئابووری ھەرێم و جوڵەیەکی بەرچاوی دەبێت لە بازاڕ و جموجۆڵی بازرگانیدا.

ئەو قسانەی رێباز حەملان، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی زایینی و پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە هاووڵاتیانە و دووپاتیکردووەتەوە، "ئەم ھەرێمە پێگەیەکی کاریگەر و ستراتیژی ھەیە لە رووی سیاسی، ئابووری، جوگرافی و فەرھەنگی پێکەوەژیان، ھەموو پێکھاتە و ئایینەکانی تیدا کۆبوونەتەوە و لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتیییەکان دەچێتە ئاستێکی گەشەسەندووتر".