سوپای پاسداران لێدوانی فەرماندەیەکی باڵای خۆی رەتدەکاتەوە

حەمید ئەبازەری فەرماندەی سوپای پاسداران
حەمید ئەبازەری فەرماندەی سوپای پاسداران

K24 – هەولێر

دوای لێدوانی راوێژکارێکی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لەبارەی "وەستانی ژمارەیەک لە بەرپرسان و فەرماندە باڵاکانی حکومەت" لە بەرامبەر رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەشی پەیوەندییەکانی سوپا لە بەیاننامەیەکدا ئەو قسانە بە "بۆچوونی تاکەکەسی" وەسفکرد.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا، رایگەیاندووە کە قسەکانی حەمید ئەبازەری "بڕدراوە" و دووپاتکراوەتەوە، "ئەو، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران نییە".

سەرەڕای رەتکردنەوەی راوێژکاربوونی حەمید ئەبازەری فەرماندەی سوپای پاسداران لەو بەیاننامەیەدا، بەڵام میدیاکانی سوپا و یەک لەوانە ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیم، لە هەواڵەکانیاندا وەک "راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران" ئەویان ناساندووە.

لە بەیاننامەکەدا وەک "لێکدانەوەی تاکەکەسی" باس لە قسەکانی حەمید ئەبازەری کراوە و دووپاتکراوەتەوە، "ئەو قسانە لەگەڵ راستییەکان یەکناگرنەوە".

لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە قسەکانی حەمید ئەبازەری بڵاوبووەوە کە تێیدا دەڵێ، "فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لە بەرامبەر عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەستاون".

ئەبازەری لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، رایگەیاندووە، "لەو رۆژانەدا دەبینین چەندین کەسی گەورە و دیار، بێهەڵوێستن. ئەوان سەرەڕای ناووناوبانگیان، کاردانەوەیان بەرامبەر بە رووداوەکانی ئەمدواییە نەبوو و هیچ قسەیەکیان نەکرد".

مەبەستی حەمید ئەبازەری لە "رووداوەکانی ئەمدواییە"، ناڕەزایەتییەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی تاران و بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانە.