گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر: ئه‌مساڵ كێشه‌ی پێشوازیكردن له گه‌شتیارانمان نه‌بوو
K24 - هه‌ولێر:
گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر ده‌ڵێت، سه‌رجه‌م ئه‌و چالاكی و رێوڕه‌سمانه‌ی به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵه‌وه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوون به‌بێ كێشه كۆتاییهاتن. له‌باره‌ی شوێنی مانه‌وه‌ی گه‌شتیارانیش، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات، ئه‌مساڵ شاری هه‌ولێر كێشه‌ی پێشوازیكردن له گه‌شتیارانی نه‌بووه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 1ـی كانوونی دووه‌می 2023، نـه‌ریمان فازڵ، به‌رپرسی راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر به كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێشبینییان نه‌ده‌كرد هێنده گه‌شتیار بۆ سه‌ری ساڵ روو له هه‌ولێر بكه‌ن و ژماره‌كه له ئاست پێشبینییه‌كانیاندا نه‌بووه. گوتیشی، پلانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری پارێزگاكه له‌ڕووی ئه‌منی و خزمه‌تگوزارییه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش و سه‌ركه‌وتووانه جێبه‌جێكران و زۆر به‌باشی پێشوازی له گه‌شتیارانی كرا.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر بۆ ئه‌مساڵ كێشه‌ی پێشوازیكردن له گه‌شتیارانی نه‌بووه و هه‌ولێر له توانایدایه له شه‌وێكدا 45 هه‌زار گه‌شتیار له‌خۆ بگرێت. روونیشیكرده‌وه، "ژماره‌ی هێڵی گه‌رممان به سه‌رجه‌م گه‌شتیاران دابوو، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك تووشی كێشه یان ئاسته‌نگییه‌ك ده‌بنه‌وه، په‌یوه‌ندی به تیمه‌كانی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێره‌وه بكه‌ن".
له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگ، چالاكی و رێوه‌ڕه‌سمه‌كانی سه‌ری ساڵ له پارێزگای هه‌ولێر، نه‌ریمان فازل ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، گه‌شتیارانی بیانی و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له رێوڕه‌سمه‌كانی سه‌ری ساڵدا له شاری هه‌ولێر بێ كێشه‌بوون، "توانرا سه‌رجه‌م رێوڕه‌سم و چالاكییه‌كان به‌بێ كێشه كۆتاییان پێبهێنرێت".
به‌گوته‌ی نه‌ریمان فازڵ، ئه‌مڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌رجه‌م ئاماره‌كانی تایبه‌ت به ئاهه‌نگ و رێوڕه‌سمه‌كانی سه‌ری ساڵ له سنووری پارێزگای هه‌ولێر له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا راده‌گه‌یه‌نێت.