حکومەتی ئەڵمانیا بۆ پەنابەرە ئێرانییەکان: ئاگاداری خۆتان بن

خۆپێشاندانی نزیکەی 80 هەزار ئێرانی لە بەرلین
خۆپێشاندانی نزیکەی 80 هەزار ئێرانی لە بەرلین

K24 – هەولێر

سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی ناوخۆیی ئەڵمانیا، داوای لە پەنابەرانی ئێرانی و دژبەرانی حکومەتی تاران کرد، ئاگاداری خۆیان بن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی (دۆیچە ڤێلە)، بەشێکی زۆر لەو 200  هەزار ئێرانییەی لە ئەڵمانیا دەژین، دژبەری حکومەتی ئێرانن، هەر بۆیە تۆماس هاڵدن وانگ، سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی ناوخۆیی ئەڵمانیا، رایگەیاندووە "چەند ساڵە بۆمان دەرکەوتووە کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، لە ژیانی دژبەرانیان دەکۆڵنەوە".

ئەو، رەخنەگران و دژبەرانی حکومەتی ئێرانی ئاگادارکردەوە، "تاران دەتانناسێتەوە و ئەگەر سەردانی ئێران دەکەن، دەبێ بزانن رەنگە دوارۆژەکەی ئەستەم و ناخۆش بێت، تەنانەت بنەماڵە یان هاوڕێکانتان ئەگەر لە ئێران دەژین، رەنگە رووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە".

هاڵدن وانگ، کەسانی چالاک لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانیش ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێ: لە خۆپێشاندانە گەورەکەی شاری بەرلین کە نزیکەی 80 هەزار ئێرانی بەشداریان تێداکرد، بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا بۆیان دەرکەوت کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیانەوێت خۆپێشاندەران بناسنەوە، هەر بۆیە وێنە و ڤیدیۆیان لێ تۆماردەکردن.  

ئەو، هەروەها کەسانی بەشداربوو لە خۆپێشاندانەکان لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکان ئاگادارکردووەتەوە و دەڵێ، "رەنگە بە هۆی ئەو کارەوە، دەزگە ئەمنییەکانی ئێران ئاسانتر و خێراتر خۆپێشاندەران بناسنەوە".