ئابووری چین لە ساڵی 2022ـدا گەشەیکردووە

K24 – هه‌ولێر:
له ساڵی 2022ـدا ئابووری چین به رێژه‌ی 4.4% گه‌شه‌یكردووه، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانیش له‌و ساڵه‌دا 17.4 ترلیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی تێپه‌ڕاندووه.
ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه (1ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، لەمیانی گوتارێکدا بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێ، شی جین پینگ سەرۆکی چین رایگەیاند، لە ساڵی 2022ـدا کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکەی 120 تریلیۆن یوان بووە کە دەکاتە 17.4 ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی ، واتە ئابووری وڵاتەکەی بەلایەنی کەمەوە رێژەی 4.4% گەشەیکردووە.
بەپێی خەمڵاندنەکان کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لەلایەن نووسینگەی نیشتمانی ئاماری چینەوە بڵاوکراونەتەوە، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی 2021ـدا گەیشتبووە 114.9 تریلیۆن یوان، ئەمەش واتە لە ساڵی 2022ـدا کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە 5.1 تریلیۆن یوان زیادیکردووە.
سەرۆکی چین خەمڵاندنەکانی سەبارەت بە قەبارەی ئابووری و رێژەی گەشەی ئابووری وڵاتەکە لە ساڵی 2022 روونیكرده‌وه، ئابووری چین بە دووەم گەورەترین ئاستی جیهان ماوەتەوە و چێژ لە گەشەسەندنی دروست وەردەگرێت.
گەشەی ئابووری چین لە ماوەی ساڵی 2022 به‌هۆی کاریگەرییه‌كانی دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەستانی بەردەوامی بازاڕی خانووبەرە، خاوبوونەوەی خواستی بەکاربەران و دابەزینی خواستی دەرەکی بۆ کاڵا چینییەکان، سستبوونی به‌خۆیه‌وه بینی.
هه‌رچه‌نده هێشتا مەترسییەکانی کۆرۆنا لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە کۆتایی نەهاتووە و بەپێی پێشبینییەکان، ئابووری چین لە چەند مانگی داهاتوودا رووبەڕووی گێژاوی زیاتر دەبێتەوە، دوای ئەوەی لەناکاو حکومەتی چین وازی لە ستراتیژی "سفر کۆڤید" هێنا، لە کاتێکدا حاڵەتەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە ماوەی زستاندا بەرزبوونەوه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
لەکاتێکدا ئابووریناسان پێشبینی دەکەن لە کۆتایی ساڵی 2023ـدا بوژانەوەی خێراتر و بەهێزتر به‌خۆیه‌وه ببینێت. ئه‌مه‌ش دوای دەستپێکردنێکی سست لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023، هەروەها بەپێی خەمڵاندنی ناوەنده ئابوورییه‌کان کە لەلایەن بلومبێرگەوە بەشدارییان لە راپرسییەکدا کردووە، پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابووری چین لە ساڵی 2023ـدا بۆ 4.8% بەرزبێتەوە.
هه‌روه‌ها لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سه‌رۆكی چین ئاماژەی بەوەکرد، کە ئابووری چین بەهرەمەندە بە خۆڕاگری، توانا، زیندوویی گەورە هەروەها ئەو بنەمایانەی کە گەشەی ئابووری بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایەن دەپارێزن به بەهێز دەمێننەوە.